چەندین لایەن لە کەرکووک دەیانەوێ لە ھاوپەیمانییەکەی پارتی بەشداربن

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ھێشتا دانوستانەکان بۆ ڕاگەیاندنی ھاوپەیمانی لەلایەن پارتییەوە لە کەرکووک بەردەوامن، سەرچاوەیەکیش ئاشکرایکرد: چەندین لایەن و کەسایەتی کەرکووک دەیانەوێ بەشداری ھاوپەیمانییەکەی پارتی بکەن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بابەتی پێکهێنانی ھاوپەیمانی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کاری لەسەر دەکرێت و لەکاتی خۆیدا ھەر ئەنجامێکی ھەبوو ڕادەگەیەندرێت، بەڵام تا ئێستا ھاوپەیمانییەکە لە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان تۆمار نەکراوە و کاتی تۆمارکردنی ھاوپەیمانیش درێژکراوەتەوە، بەڵام جەماوەری کوردستان دڵنیا دەکەینەوە ژمارەیەکی بەرچاو کەسایەتی و لایەنی سیاسی لە کەرکووک دەیانەوێ بەشداری ھاوپەیمانیەتییەکەی پارتی بن بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.
لەبارەی ئەو لیستەی بڵاو کراوەتەوە سەرچاوەکە گوتی: ئەو لیستەی لە ڕاگەیاندنەکان بڵاوکرایەوە فەرمیی نیە و ئێمە لێی بەرپرس نین، چونکە تا ئێستا پارتی پێکھێنانی ھاوپەیمانی بڵاو نەکردووتەوە تا ناوی ئەو کەس و لایەنانەی بەشدارن لەو ھاوپەیمانییە ئاشکرا بکرێن.
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: پارتی لە ھەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ ھەموو لایەک دەیسەلمێنێ چەند بەرگری لە کەرکووک و کەرکووکیەکان کردووە، ھەڵوێستی خەڵک و دەنگدەرانی کەرکووکیش لە ھەڵبژاردنی ڕابردوو بەرز دەنرخێنین و ھەڵوێستی پارتی بەگشتی و بەتایبەتی سەرۆک بارزانی لە ڕابردوودا دەرخەری ئەو راستییەیە چەندە بەرگریمان لە کەرکووک کردووە.
قائید میرۆ




