بەشی ڕێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکانی پارتی و مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتییەکانی یەکێتی کۆبونەوە.

ئەمڕۆ ٧ی ئابی ٢٠٢٣ شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی هەڤاڵ هیوا ئەحمەد مستەفا ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکان، هەڤاڵان د.ئاراس خۆشناو بەرپرسی ڕێکخراوە پیشەییەکان، شیلان شێخ جعفر بەرپرسی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، لەگەڵ شاندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە پێکهاتبوون لە د.جوتیار نوری ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتییەکان ، فڕیاڵ عەبدوڵڵا ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی بۆردی ڕێکخراوە پیشەییەکان و سەرتیپ عەلی ئەندامی سەرکردایەتی، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کاروباری ڕێکخراوە پیشەییەکان و سەندیکا و کۆمەڵە و یەکێتییەکان کرا، ئەوەش بەو مەبەستەی بتوانن خزمەتی توێژەکانی خۆیان بکەن و لە ئاست گۆڕانکاری و داخوازییە پیشەییەکانی ڕێکخراوەکانیان دابن.
هەردوو لا هاوڕابوون لەسەر کارکردنی پیشەییانەی سەرجەم ڕێکخراوەکان و هەنگاونان بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانس و کۆنگرەی خۆیان، بە پێی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆی خۆیانی کارپێکراو، بە شێوازێک لەگەڵ پێویستی و گۆڕانکارییەکانی بوارەکانیان گونجاو بێت و لە خزمەتی کوردستان و چینە جۆراو جۆرەکان دابێت.




