پرۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و هاوپەیمانانیش هاوکار و پاڵپشتن

هەولێر_KDP.info_ ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سەربازی گوتی: پشتگیری و هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش رێککەوتنی ستراتیژی و هەماهەنگی باش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان هەیە، جگە لەوەش پرۆسەی چاکسازی زۆر باش و بەپێی خشتەی دیاریکراو بەردەوامە و هیچ گرفت و بەربەستێکی لەبەردەمدا نییە.
بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سەربازی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: هاوپەیمانان بەردەوامن لە پشتگیری و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و بەردەوامیش دەبن، هەندێک دەیانەوێت گرژی دروست بکەن و ئەو باسانە دەوروژێنن، ئەگەر نا هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە و هاوپەیمانان بەردەوام دەبن لە هاوکاری و پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، دوێنێش کۆبوونەوەی هاوبەشیان ئەنجام داوە و ڕێککەوتنی ستراتیژی و هەماهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و هاوپەیمانان هەیە.
بابەکر زێباری گوتیشی: جگە لەوە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و بەپێی خشتەی دیاریکراویش بەڕێوە دەچێت و هیچ بەربەستێکی لەبەردەمدا نییە، بەڵام کەسانێک بۆ مەرامی خۆیان باس لەوە دەکەن گرفت لە وەزارەتی پێشمەرگە هەیە، ئەوەی هەیە وەزیر دەوام ناکات، کاردەکرێت بۆ ئەوەی وەزیریش بێتەوە دەوام یاخود کەسێک بە وەکالەت ئەو پۆستە بەڕێوە ببات، بۆ ئەوەی هەماهەنگی زیاتر هەبێت وکاری باشتریش بکرێت.
زێباری ئاماژەی بەوەشکرد: سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆشی لەسەر خەتە وەکو فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، چاودێری پرۆسەی چاکسازیش دەکات و کارەکان زۆر بەباشی بەڕێوە دەچن و هیچ کێشەیەک لەئارادا نییە.
بڵند ئیبراهیم




