٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی ئەو دەستپێشخەریەی قبووڵ کردبوو، بەڵام لایەنەکان ئامادەییان تێدانەبوو

سەرچاوە: KDP.info

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی15ی پارتی لە خانەقین ئاشکرایکرد، بەھۆی ئەوەی دەنگی کورد لە دیالە کەمە پێمان باش بوو ھاوپەیمانیەتیەکی کوردی ھەبێت، بەڵام رێککەوتن نەکرا، بۆیە ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان بەلیستێکی جیا بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەین و زۆریش خۆمان باش ئامادەکردووە.

ئەکبەر حەیدەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو دەستپێشخەریەی قبووڵ کردبوو لەپێناو ئەوەی دەنگی کورد پەرش و بڵاو نەبێت و لایەنەکان لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیەتی بەشداری ھەڵبژاردن بکەن، بەڵام بەھۆی ئەوەی لایەنەکان ئەو ئامادەییان تێدانەبوو ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان بەلیستێک بەشداری دەکەین لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، بۆ ئەو مەبەستەش زۆر باش خۆمان ئامادەکردووە و ھەوڵدەدەین زۆرترین دەنگ بەدەست بێنین و کاندیدەکانی خۆمان سەربخەین".

ئەکبەر حەیدەر گوتیشی: "پارێزگای دیالە وەکو پارێزگاکانی کەرکووک و مووسڵ نیە ئەگەر لەوێ بە لیستی جیاش لایەنەکان بەشداری بکەن دەتواندرێت دەنگی باش بێنن بەھۆی ئەوەی دەنگدەری کورد زۆرە، بەڵام دیالە تایبەتمەندی خۆی ھەیە و لەکۆی زیاتر لە ملیۆنێک و 200 ھەزار دەنگدەر 100 ھەزار دەنگدەری کورد ھەیە، بۆیە بەشداریکردنی کورد بە چەند لیستێک دەبێتە ھۆی ئەوەی دەنگی کورد پەرتەوازە بێت، ھەر لەسەر ئەو بنەمایەش ئێمە پێمان باش بوو کورد بەلیستێک و بەھاوپەیمانیەتیەکی کوردی بەشداری بکات".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار