د. ھێمن ھەورامی پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە ھەرێمی کوردستان کرد

ھەولێر-KDP.info- ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە ھەرێمی کوردستان کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ی٧ی٢٠٢٣، دکتۆر ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازیی لە ماکسیم ڕۆبین، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە ھەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا باس لە دوایین پێشھاتەکانی پرسی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان کرا و جەخت لەسەر پێویستیی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن کرایەوە، ھاوکات ھێمن ھەورامی پشتگیری و پشتیوانیی پارتی بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤، لەلایەن بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە دەربڕی.
ھەر لە دیدارەکەدا، باس لە پەیوەندی و گفتوگۆکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق کرا و جەخت لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و دەستوور کرایەوە.
پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی ڕووسیا و پێویستیی تووندوتۆڵکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.




