تا ئێستا پارتی ھیچ ھاوپەیمانییەکی پێکنەھێناوە
__2023_08_06_h16m25s58__ER.jpg)
بڕیاردەری بەشی ھەڵبژاردنی پارتی ئاماژەی کرد: تا ئێستا پارتی ھیچ ھاوپەیمانییەکی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق پێکنەھێناوە و دەشڵێ: دەکرێ دوای ھەڵبژاردن کورد لە کەرکووک یەکبگرن.
نیازی حەمە عەزیز، بڕیاردەری بەشی ھەڵبژاردنی پارتی بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: سەرەڕای ئامادەکارییەکانی پارتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تا ئێستا پارتی لەگەڵ ھیچ لایەنێک ھاوپەیمانی پێکنەھێناوە بۆ ئەوەی بەشداری ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن، ھەرچەندە کوردانی ناوچە کوردستانییەکان خوازیاری یەک لیستین بۆ کورد، بەڵام دیارە تا ئێستا ئەو یەک لیستییە دروست نەبووە.
بڕیاردەری بەشی ھەڵبژاردنی پارتی گوتی: لە دوای کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی ئەنجامەکە دیاربوو، دیارە ھەر لایەنە و کار لەسەر جەماوەری خۆی دەکات، بەتایبەتی لە کەرکووک ئەو یەک لیستییەی کورد نەھاتووەتە کایەوە تا ئێستا، بە بۆچوونی خۆم پێم وانییە ھیچ ھاوپەیمانییەکی بەھێز ھەبێت لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
نیازی حەمە عەزیز ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: تا ئەمڕۆ ٦ی ئاب کە دوا وادەی تۆمارکردنی ھاوپەیمانییە، پارتی لە ھیچ ھاوپەیمانییەک خۆی تۆمار نەکردووە، بەدووری دەبینم ئەو وادەیەش درێژ بکرێتەوە، بەڵام دەکرێ پارتی و یەکێتی دوای ھەڵبژاردن لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ببنە ھاوپەیمان و پێکەوە کار بکەن، پێشتریش لیستی برایەتی ھەبوو لە کەرکووک پارتی و یەکێتی و لایەنی دیکەشی تێدابوو.
قائید میرۆ




