رۆمیۆ هەکاری : پێویستە حکوومەتی عێراق ئەو هێزانەی لە دەشتی نەینەوا دەربکات

هەولێر_KDP.info_ سکرتێری حزبی بەیتونەهرەین گوتی: خەڵکی ئێمە بە هەموو شێوەیەک ناڕازییە لەو هێزانەی سەر بە حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوان، داواکارن ئەو هێزانە لەو ناوچانە دەربکرێن، چونکە ئەوان هۆکاری سەرەکی کێشەکانن و خەڵکی ئێمە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق هەڵوێستی هەبێت و دەسەڵاتی هەموو خەڵکی عێراق بێت بە ئێمەشەوە.
سکرتێری حیزبی بەیتونەهرەین، رۆمیۆ هەکاری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە پێمان وایە ئەوەی دەکرێت مامەڵەیەکی خراپە دژی خەڵکی ئێمە دەکرێت لە دەشتی نەینەوا لەلایەن هەندێک هێزی نافەرمیی و پەیوەست بەحەشدی شەعبییەوە، دیارە خەڵک ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و دێتە سەر شەقام و داوای نەهێشتنی ئەو هێزانە دەکەن، چونکە خەڵکی ئێمە دوای چەندین ساڵ لە ڕزگارکردنی دەشتی نەینەوا لەدەستی خوێناویترین ڕێکخراوی تیرۆرستی لە مێژووی نوێی جیهان کە داعش بوو بەم هەڵسوکەوتانە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر ناوچەکانی خۆیان لە دەشتی نەینەوا، چونکە مامەڵەی خراپیان لەگەڵ دەکرێت، بۆیە خەڵک و هێز و لایەنەکان هەمووان پێکەوە دژی ئەو رەفتارانە وەستاوین و دەوەستین، لەبەر ئەوەی خەڵکی دوای ئەوەی بەسەری هات لە کوشتن و بڕین لەماوەی دووساڵ دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ سەرماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن، بەڵام بەداخەوە هەڵسوکەوتی ئەوهێزانە هیچ متمانەی بۆ خەڵک نەهێشتۆتەوە.
ڕۆمیۆ هەکاری گوتیشی: تا ئێستا حکوومەتی عێراق هەڵوێستی نەبووە، پێمان وایە دەبێت دەسەڵات بۆ هەموو گەلی عێراق بێت بە خەڵکی ئێمەشەوە، ئەگەر وانەبێت دیارە نیازی ئەوەی نیە پارێزگاری لە خەڵکی ئێمە بکات، بۆیە ئەمە مەسجێکی گەورە ومەترسیدارە بۆ ئەوەی دەسەڵات بەئاگا بێتەوە و ئەو جۆرە هێزانە لەوێ نەمینێن، کەنیسە و پیاوانی ئایینی ئەو هێزانەیان دیارکردوە کە لە بازگەکانن و باس لەوە دەکەن نامانەوێت ئەوانە لەوێ بمینێن چونکە هۆکاری سەرەکی کێشەکانی ئێمەن.
بڵند ئیبراهیم




