بڕیارە بەنداوی "باکوورمان" بە گوژمەی 400 ملیۆن دۆلار دروست بکرێت
_(11)__2023_08_06_h16m0s27__ER.jpg)
ئاکرێ_KDP.info_ بەڕێوبەری ئاودێری ئاکرێ گوتی: هەموو ڕێکارەکانی دروستکردنی بەنداوی باکوورمان تەواو بووە، سەرمایەکەی 400 ملیۆن دۆلارە و مەزەندە دەکرێت ئەمساڵ دەست بە دروستکردنی بکرێت، سێ قەزا سود لەو بەنداوە وەردەگرن ، ئەوانیش ئاکرێ، بەردەڕەش و شێخانن.
ڕەمەزان شەریف، بەڕێوبەری ئاودێری ئاکرێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ماوەیەکی زۆرە کار لەسەر دروستکردنی بەنداوی باکوورمان دەکرێت لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پێش ساڵێک گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی سینیش کرابوو کە ئەو پڕۆژەیە ئەنجامبدات، دواتر سین داوای ڕەزامەندی عێراقی کردبوو، بە هەوڵی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان عێراقیش ڕەزامەندی داوە و لە ناو بودجەی ئەمساڵ دانراوە .
ڕەمەزان شەریف گوتیشی: هەموو ڕێکارەکانی دروستکردنی بەنداوەکە تەواو بوونە، دیزاین و شوێنی بەنداوەکە ئامادەیە و دەکەوێتە نێوان سێ قەزا، ئەوانیش ئامێدی، ئاکرێ و شێخانن و تەنها ماوە ڕێککەوتنەکە بکرێت و بدرێتە کۆمپانیایەک و جێبەجێ بکرێت، مەزەندە دەکرێت ئەمساڵ پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت، چونکە ئەو بەنداوە لەچوارچێوەی بەنداوە گەورە و ستراتیژیەکاندایە، ڕەنگە سینیش پڕۆژەکە بە قەرز دروست بکات، دواتر نەوتی لەجیاتی پێبدرێت . سەرمایەی پڕۆژەکە 400 ملیۆن دۆلارە و حەوزەکەی لەنێوان هەرسێ قەزای ئاکرێ، بەردەڕەش و شێخانە و سودی بۆ هەرسێ قەزاکە هەیە، دەشتی ناوکوور بەتەواوی سودی لێ وەردەگرن، بەڵام حەوزی ئاوەکە لە باکورمان دەبێت، بۆیە ئەگەر بودجە تەرخان بکرێت ئەمساڵ دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێت.
بڵند ئیبراهیم




