پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بەبۆنەی (٢٠)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای (ئەلمەدا)

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی(٢٠)ەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی دەزگای(ئەلمەدا)، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆکی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ھونەریی ئەلمەدا کرد.
بەڕێز فەخری کەریم سەرۆکی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ھونەریی ئەلمەدا.
لە (٢٠)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای (ئەلمەدا) بۆ ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ھونەر، پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و خوێنەرانی ھێژای بەرھەم و بڵاوکراوەکانتان دەکەین.
دەزگای (ئەلمدا) تەمەنێکی پڕ بەخششی لە خزمەت پرسە ئەدەبی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و بوارە ڕۆشنبیری و مەعریفییەکانی دیکە بەسەربردووە و بۆتە ئەستێرەیەکی پڕشنگدار لە ئاسمانی ڕۆشنبیری و چاپ و بڵاوکردنەوەدا، ئەمەش جێگەی شانازی و دەستخۆشییە و لەو بوارەدا نەخش و جێدەستتان ھەمیشە دیار و بەرچاوە.
دامەزراندنی دەزگای (ئەلمەدا) بایەخی خۆی ھەبووە لە ڕووی لێکنزیککردنەوەی ڕۆشنبیریی گەلانی عێراق و ئاشناکردنی خوێنەران و ھاووڵاتییان بەو پەیام و مێژووە ھاوبەشە ئەرێنییەی نێوان ھەردوو گەلی کورد و عەرەب و پەرەپێدانی ڕۆشنبیریی پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنەوە ھەیە.
ئومێدەوارین لە نێو ئەو سەردەمە جەنجاڵەی تەکنەلۆجیا و پێشکەوتنی ئامراز و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و پەیوەندیکردندا، زیاتر لە ھەموو ڕوویەکەوە و بەپێی پێویستی قۆناغەکە بەرەوپێش بچن و، بەردەوام و پتر ڕۆڵ و کاریگەریی خۆتان ببینن، بەتایبەت لە برەودان بە بوارەکانی ڕۆشنبیری و یارمەتی و ھاندانی نووسەران و ڕۆشنبیران و ھونەرمەندان و لێکۆڵەران و، بڵاوکردنەوە و لەچاپدانی بەرھەمەکانیان.
بەو بۆنەیەوە وێڕای پاڵپشتیمان بۆ ھەنگاوەکانتان، جەخت لەسەر ھاریکاری و ھەماھەنگیی نێوانمان دەکەینەوە.
جارێکی دیکە پیرۆزباییتان لێدەکەین و ھیوای بەردەوامی و بەخشش و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
٥ـی٨ـی٢٠٢٣




