وەزارەتی پەروەردە : ئامادەکاری تەواو بۆ تاقیکردنەوەکان کراوە

هەولێر_KDP.info_ بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ ئەوەی سبەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی دووەمی پۆلی12ی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.
بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر سەیوان فەرەج، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: سبەی یەکەم تاقیکردنەوەی گشتی خولی دووەمی پۆلی 12ی ئامادەیی بەڕێوەدەچێت و ئامادەکاری تەواو کراوە و ناوی قوتابییەکان بڵاوکراوەتەوە و هۆڵەکان و چاودێری هۆڵەکان دیارکراون و پرسیارەکان ئامادەن.
دکتۆر سەیوان فەرەج گوتیشی: لەبەر گەرمی کەشەکە و پێویستی فێنککەرەوە، لەگەڵ وەزارەتی کارەبا ڕێککەوتووین کارەبا بۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوە دابین بکات.
فەرەج باسی لەوەشکرد: بۆ گزیش ڕێکاری پێویست گیراوەتە بەر، پرسیارەکان لەژێر کۆنترۆڵ دایە و یەکێک بیەوێت گزی بکات هەموو پرسیارەکان کۆدی لەسەرە و پەنجەمۆری قووتابی لەسەرە و کەس ناتوانی هەڵەیەک بکات، ئەگەر هەر گزیێک ڕووبدات دەزانین لە کوێ و کێ کردوویەتی، بۆیە گزی کردن ئەستەمە و ڕێکاری توند گیراونەتە بەر.
بڵند ئیبراهیم




