٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"حکوومەت نرخی ڕێپێدانی زەوی سندووقی کەم دەکاتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە بڕیاری ڕێپێدانی زەوی سندووقیدا دەچێتەوە، بەرپرسێکی وەزارەتی شارەوانیش دەڵێ: نرخی ڕێپێدان بۆ ١٠%ی نرخی ڕاستەقینەی زەوییەکە کەم دەکرێتەوە.

خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سۆران بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پێشتر حکوومەتی ھەرێم بۆ چارەکردنی کێشەی زەوی سندووقی بڕیارێکی دەرکردبوو بەپێی بڕیارەکە بۆ ڕێپێدانی دروستکردنی خانوو لەسەر زەوی سندۆقی ٣٠%ی نرخی زەوی لە ھاووڵاتی وەر دەگرت، بەڵام دواتر پێیدا چووینەوە و دەرکەوت ئەم نرخە لەو دۆخەی ئێستادا بۆ ھاووڵاتی بارگرانی دروست دەکات و پێویستی بە ھەموار کردنەوە ھەیە.

بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سۆران گوتیشی: لە چەندین لاوە پێشنیارکرا نرخی ڕێگەپێدان کەم بکرێتەوە، پێشنیار بۆ لیژنەی پەیوەندیدار کرا بەو بڕیارەدا بچێتەوە کە پێش ماوەیەک دەرکراوە.

خەسرۆ ئیسماعیل ڕوونی کردەوە: پێشنیارەکە بەرزکراوەتەوە بۆ لیژنەی پەیوەندیدار و بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوو بەشێوەیەک ھەموار بکرێتەوە ھەر ھاووڵاتییەک بیەوێ خانوو لەسەر زەوی سندووقی دروست بکات تەنیا ١٠%ی نرخی ڕاستەقینەی زەوییەکەی بۆ ھەژمار بکرێت و بیداتە حکوومەت، ئەمەیش بۆ بەرژەوەندی ھاووڵاتییانە، تا بتوانن خانوو لەسەر زەوییەکانیان دروست بکەن، بڕیارەکە لەلایەن وەزیری ناوخۆ و شارەوانییەوە دەردەکرێت.
بەپێی بەدواداچوونێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ھەزاران پارچە زەوی لە ھەموو شار و شارۆچکەکان ھەن بە زەوی سندووقی ناسراون و پێشتر خانوو لە دەوروبەریان دروستکراوە، ئەو زەویانەی نەکراونەتە خانوو بە چەند مەرجێک ڕێگەپێدانیان بۆ دەکرێتەوە. 

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار