٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"تابلۆی دوکان و شوێنە گشتییەکان بە کوردی دەنووسرێن"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر_KDP.info_ سەرۆکی شارەوانی هەولێر گوتی: لەسنووری پارێزگای هەولێر دوای ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت دەستکراوە بە کردنە کوردی سەرجەم تابلۆکانی دوکان و شوێنە گشتییەکان، تا ئێستاش بەسەدان تابلۆ کراونەتە فۆنتی کوردی و هەڵمەتەکەش بەردەوام دەبێت تا سەرجەم تابلۆکان دەکرێنە فۆنتی کوردی.

سەرۆکی شارەوانی هەولێر، عەبدولواحید ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لەدیوانی پارێزگا ئەنجامدرا، بە بەشداری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر ، بەڕێوبەرایەتی گەشتوگوزار و قایمقامی هەولێر، بۆ ئەوەی هەموو تابلۆکان لە دوکان و شوێنە گشتییەکان و پسولەی خواردنگەکان بکرێنە کوردی و بە فۆنتی کوردی بنووسرێن، بۆیە وەکو شارەوانی هەولێر سەرجەم شوێنەکانمان ئاگادارکردوونەتەوە پێویستە ئەو تابلۆ و ڕیکلامانەی هەڵدەواسن بیانکەنە کوردی و ماوەی هەفتەیەکمان پێداون، خۆشبەختانە ئەوانەی ئاگادارکراونەتەوە 95%ی پابەندی ئەو بڕیارە بوونە و بەردەوامیشین تا هەمووی دەکرێتە کوردی.
سەرۆکی شارەوانی هەولێر گوتیشی: دوای ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە ئەگەر هەر شوێنێک پابەندی ئەو بڕیارە نەبێت ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتە بەر و شوێنەکەیان دادەخرێت، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە خەڵکێکی زۆر پابەندی بڕیارەکەن و تابلۆکانیان بە فۆنتی کوردی دەنوسن و بەڕێوبەرایەتی گەشتوگوزاریش ڕاسپێردراوە سەرجەم خواردنگەکان ئاگادار بکەنەوە و ئەو پسولەی بەکاری دێنن ئەوانیش بکەنە کوردی.

عەبدولواحید ئەحمەد ڕوونیشی کردەوە: ئێمە لەڕێگەی هەر شەش شارەوانی خۆمان دەستمان بەو کارە کردووە و شوێنەکان ئاگادارکراونەتەوە و ئەوانیش وەڵامیان بۆ داواکاری ئێمە باشە و پابەند دەبن، ئێمەش هاوکاری و ئاسانکارییان بۆ دەکەین تا بڕیارەکە لە سەرجەم شوێنەکان جێبەجێ دەکرێت،  هەڵمەتەکەش بەردەوام دەبێت تا بڕیارەکە بەتەواوی جێبەجێ دەکرێت. پێشمان خۆش نییە کەس سزا بدەین، زۆر جار سەردانیان دەکەین کە تابلۆکەیان بردووە بۆ گۆرین، بۆ دڵنیابوونمان چاوەڕێیان دەکەین تا دەگەڕێتەوە، بۆیە ئامانجی ئێمە جێبەجێ بوونی بڕیارەکەیە.

بڵند ئیبراهیم 

هەواڵی پەیوەندیدار