نێردە دیبلۆماسییەکان پشتگیریی لە هەنگاوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن

هەولێر-KDP.info- دیپلۆماتكاران و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەولێر و بەغدا، پێشوازی لە دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكان لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دەكەن. نێردە دیپلۆماسییەكان پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ”هەڵبژاردنی ئازاد، بێگەرد و دادپەروەرانە” دەردەبڕن و داوا لە هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن كە پابەندی وادەی هەڵبژاردن بن.
كونسولخانەی ئەمەریكا و بەریتانیا و هۆڵەندا لە هەولێر لە تویتی جیاوازدا دەستخۆشی و پاڵپشتییان بۆ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكان دەربڕیوە و دەڵێن ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان پیادەكردنی بنەماكانی دیموكراسییە لە هەرێمدا.
خاتوو ئالینا رۆمانوڤسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە بەغدا لە تویتەكەیدا پێشوازی لە دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكان دەكات و دەڵێت:
باڵیۆزخانەی ئەمەریكا پێشوازی لە ڕاگەیاندنی وادەی هەڵبژاردنەكان لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ لەلایەن سەرۆك نێچیرڤان بارزانییەوە دەكات. هەڵبژاردنی ئازاد، دادپەروەرانە و لە كاتی خۆیدا پێویستن بۆ هەموو سیستەمێكی دیموكراسی.
خاتوو رۆزی كەیڤ، كونسولی بەریتانیا لەوبارەیەوە لە تویتەكەیدا دەستخۆشی لە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دەكات بۆ ڕاگەیاندنی وادەی هەڵبژاردنەكان و پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ پرۆسەكە ڕادەگەیەنێت. كونسولی بەریتانیا دەڵێت:
پێشوازی لە ڕاگەیاندنەكەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دەكەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤. بەریتانیا بەردەوام داوای كردووە هەڵبژاردنەكان بە شێوەیەكی ئازاد و دادپەروەرانە و گشتگیر بەبێ دواكەوتنی زیاتر ئەنجام بدرێن.
هەروەها كونسولخانەی هۆڵەندا پشتیوانیی خۆی دەربڕیوە و لە تویتێكدا دەڵێت بە تەواوی پشتگیری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانن و وادەی هەڵبژاردنەكان بە ”گرنگ” وەسف دەكات.
نوێنەری یەكێتیی ئەورووپا لە بەغدا، ڤیلێ ڤاریۆلا، پشتگیری خۆی ڕادەگەیەنێت و دەڵێت ئێستا كاتی ئەوەیە هەموو هێزە سیاسییەكانی هەرێم بۆ سەركەوتنی هەڵبژاردنەكان كار بكەن.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی بە فەرمی ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ی وەك ڕۆژی هەڵبژاردنەكان بۆ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دیاری كردووە.




