٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پسپۆرێکی یاسا: بە ئەلیکترۆنیکردنی سکاڵا کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی ڕۆتین دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

ئەمڕۆ سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەی بەئەلیکترۆنیکردنی سکاڵا لەدام و دەزگاکانی حکوومەتی ڕاگەیاند و پسپۆرێکی یاساش دەڵێ: دواکاریمان پێشکەشکردووە سکاڵای پۆلیس و دادگاش بەئەلیکترۆنی بکرێت.

د. عەلی سەلیم بابان، پسپۆری یاسا بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پڕۆژەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بڕیاری مەسروور بارزانی بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی تۆمارکردنی سکاڵا ھەنگاوێکی باشە، چونکە ھەم دەچێتە چوارچێوەی بەئەلیکترۆنیکردنی حکوومەت و دەزگاکانی سەر بە حکوومەت ھەم کارئاسانی بۆ ئەو کەسانە دەکات دەیانەوێ سکاڵای خۆیان بگەیەنن بە لایەنی پەیوەندیدار و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەگەر ھاووڵاتی سکاڵای ھەبێت پێویستە ڕێگایەکی ئاسانیش ھەبێت بۆ گەیاندنی سکاڵاکەی.

ئەو پسپۆرەی یاسا گوتیشی: لەمەودوا ھەرکەسێک سکاڵای ھەیە یان بەڵگەی ھەیە دەیەوێ بیگەیەنێ ڕێکارەکانی تۆمارکردن و گەیاندنی سکاڵا نابنە ئاستەنگ لەبەردەم ئەو ھاووڵاتییە و دەتوانێت بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی سکاڵاکەی تۆمار بکەت.

د. عەلی سەلیم بابان ڕوونی کردەوە: پێشتر داواکاریم پێشکەش بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە تۆمارکردنی ھەموو جۆرە سکاڵایەک بکرێتە ئەلیکترۆنی و ئەو سیستەمە کلاسیکییەی ئێستا پەیڕەو دەکرێن نەمێنێ، چونکە بەئەلیکترۆنیکردنی سکاڵا کاریگەری خۆی ھەیە لەسە ڕەوتی تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن ھاووڵاتییانەوە بۆ نموونە: بەھۆی کەلتووری کۆمەڵگەی ئێمەوە ڕەنگە بۆ ڕەگەزی مێیینە ئاسان نەبێت بچێتە بنکەیەکی پۆلیس و سکاڵا تۆمار بکات، بەپێچەوانەوە ئەگەر سیستەمەکە ئەلیکترۆنی بێت ئەوە بۆ مێیینەش ئاسان دەبێت.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار