٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دڵشاد شھاب: رۆژی ٢٥ی شوبات دیاری کرا بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن

سەرچاوە: KDP.info

گوتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان فەرمانێکی ھەرێمی بۆ دیارکردنی وادەی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان دەرکردوە و دەڵێ: رۆژی ٢٥ی شوبات بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن دیار کراوە.

دڵشاد شھاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: ماوەیەکە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵ و بەدواداچوونی خۆی کردووە بۆ ئامادەسازی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆکی ھەرێم سەردانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنی عێراقمان کرد لە بەغدا، بۆ دروستکردنی ھەماھەنگی بۆ دیارکردنی کاتی گونجاو بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی کۆمسیاران داوەتکران بۆ ھەولێر و لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم و کەسانی شارەزا کۆبوونەوە، ئێمە ھەوڵی زۆرماندا لە ئایندەیەکی نزیکدا ھەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، ھەوڵی سەرۆکایەتی ھەرێم ئەوەبوو لە وادەی خۆیدا لە رۆژی ١٨/١١ ی ئەمساڵ ھەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بەڵام لەڕووی تەکنیکییەوە بۆ کۆمسیۆن نەدەگونجا، ھەوڵی دووەم ئەوەبوو لەگەڵ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ھەڵبژاردنی پەرلەمان بکرێت، بەڵام دوای ھەلسەنگاندن کۆمسیۆن لەتوانایدا نەبوو ئەو کاتە بەڕێوەی ببات.

گوتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێم گوتی: کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراو ئامادەیی خۆی پیشانداوە لە دوای ١٨ی شوباتی ساڵی داھاتوو ئامادەن بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان، دیار کردنی وادەی ھەڵبژاردن لە دەسەڵاتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە، بەڵام لەژێر ڕۆشنایی بیرۆکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ھەموو لایەنەکا بەشداربن لە بڕیاری دیارکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن، سەردانی سەرجەم لایەنە سیاسیەکانمان کرد و لەسەر ئەو بنەمایە دوای دانوستان و ڕاوێژ لەگەل لایەنە سیاسیەکان ڕۆژی ھەڵبژاردن دیار کرا.

دڵشاد شھاب ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئەمڕۆ ٣ی ئاب سەرۆکی ھەرێمی کوردستان فەرمانی ھەرێمی ژمارە ٢٥٢ پاڵپشت بە یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان رۆژی ٢٥ی شوباتی ساڵی داھاتوو دیاری کرا بۆ ئەنجامدانی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند دەبن بۆ کاری پێویست و ھاوکاری و ھەماھەنگی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان. 

هەواڵی پەیوەندیدار