٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گوھدار شێخۆ: یەک ملیۆن دار لە زاخۆ دەچێندرێت

سەرچاوە: KDP.info

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵێ: بە مەبەستی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ یەک ملیۆن دار بە چەند قۆناغێک دەچێندرێن.

گوھدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند:  یەکێک لەو خاڵانەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کاری لەسەر دەکات زیادکردنی ڕێژەی سەوزاییە لە سنووری ئیدارەکە، لەپاڵ گرینگیدان بە کەرتەکانی دیکە بەردەوام کار بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی دەکەین، بەتایبەت دەمانەوێ ڕێژەی سەوزایی لە سنووری زاخۆ بگەیەنینە ئەو ڕێژەیەی ستانداردی جیھانی دیاری کردووە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ گوتی: پلانێکمان داناوە بۆ چاندنی یەک ملیۆن دار لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئەو پلانە بە ھاوکاری چەند ڕێکخراوێکی بیانی جێبەجێ دەکرێت و ئەو دارانەی دەچێندرێن لەگەڵ کەش و ھەوای زاخۆ دەگونجێن.

گوھدار شێخۆ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد:  چاندنی یەک ملیۆن دار بە چەند قۆناغێک دەبێت و ئێستا کەوتووتە بواری جێبەجێکردن، بەچاندنی ئەو یەک ملیۆن دارە ڕێژەی سەوزایی زیاد دەبێت و کاریگەری لەسەر کەش و ھەوای زاخۆ دەبێت، ئەمە جگە لەوەی دیمەنێکی جوانیش بە زاخۆ دەبەخشێت وەک یەکێک لە شارە جوان و مێژووییەکانی کوردستان.

قائید میرۆ 

هەواڵی پەیوەندیدار