نێچیرڤان بارزانى: ده‌بێ چاره‌سه‌رى خێراى كرده‌یى بۆ دۆخى ئێزدییان هه‌بێت

هه‌ولێر-KDP.info- به‌یانیى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 2023/8/3 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له ڕێوڕه‌سمى نۆیه‌مین ساڵیادى جینۆسایدى ئێزدییان و كاره‌ساتى شه‌نگال كرد كه له هه‌ولێر له‌لایه‌ن ڕێكخراوى یه‌زداوه ڕێكخرابوو.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه به‌رێزان مسته‌فا سه‌ید قادر جیگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌یه‌ك له وه‌زیران و به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان و دیپلۆماتكاران و كه‌سایه‌تى و ڕزگاربووانى ئێزدى و میوانانى بیانى و ئه‌كادیمى و پیاوانى ئایینیى ئێزدى و موسڵمان و مه‌سیحى و نوێنه‌رانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و ژماره‌یه‌ك له ڕزگاربووانى ئێزدى ئاماده‌ى بوون، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، وته‌یه‌كى پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تى:
کەسوکاری قوربانییانی جینۆسایدی ئێزدییان،
ئامادەبووانی بەڕێز..
ڕۆژتان باش، بە خێر بێن بۆ ڕێوڕەسمی ساڵیادى کارەساتی خه‌مگینى شه‌نگال و جینۆسایدی ئێزدییان.
یادکردنەوەی جینۆسایدی ئێزدییان، یادکردنەوەیەکی زۆر جیاواز و تایبەتە، چونکە ئەو جینۆساید و کارەساتە بەلای ئێمه‌وه هێشتا کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە. هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ژن و منداڵ و پیاوانی ڕفێندراوی ئێزدی، بێسەروشوێنن. تاکو یەک ڕفێندراوی ئێزدی مابێت، تاوانەکە کۆتایی نەهاتووە و لێكه‌وته‌كانى ئه‌و كاره‌ساته تا ئه‌مڕۆش خه‌م و ژان و ئازار بۆ ئێزدییان و بۆ هه‌موو گه‌لى كوردستان، له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت.
ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە هەموومان پێکەوە ڕێز لە قارەمانی و قوربانیدانی پێشمەرگە بگرین، کە دوای خۆڕێکخستنەوەی پێشمەرگە لەژێر فەرماندەییی سەرۆک مەسعوود بارزانى ـدا، ئەفسانەی داعش لەسەر زەوی تێکشکێندرا. سڵاو لە گیانی پاکی ئەو قارەمانانەی گیانی خۆیان بەخشی لەپێناو ڕزگارکردنی شه‌نگال و پاراستنی هەموو کوردستاندا. سوپاس و پێ‌زانین بۆ پشتگیریى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش له پێشمه‌رگه و هێزه عێراقییه‌كان.
سوپاس بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان کە دەرگاکانی خۆیان کردەوە بۆ ئاوارەکان، بۆ ئاواره‌ى ئێزدى، بەتایبەتیش سوپاس بۆ خەڵکی پارێزگای دهۆک کە بە هەموو شێوەیەک هاوکار بوون لەگەڵ خوشک و برایانى ئێزدی. ئه‌وه هه‌رگیز له‌بیر ناچێته‌وه كه له دیمه‌نێكى زۆر مرۆڤانه‌دا له بادینان خه‌ڵك ده‌رگاى ماڵ و قوتابخانه و هه‌تا مزگه‌وته‌كانیشى بۆ پێشوازى و حه‌واندنه‌وه‌ى خوشك و برایانى ئێزدى كرده‌وه.
دەستخۆشی لە ڕێکخراوی یەزدا دەکەم کە ئەم ڕێوڕەسمەیان ڕێکخستووە، هەروەها دەستخۆشی لە کارەکانیان دەکەم، هه‌موو ئه‌و كارانه‌ى لەپێناو ئێزدییاندا کردوویانه. هیوادارم به‌م گوڕ و تین و به‌م هێزەوە لە کارەکانیان بەردەوام بن. سوپاسێكى تایبه‌ت بۆ خاتوو نادیە موراد بۆ هه‌موو ئه‌و كارانه‌ى لەپێناو ئێزدییاندا دەیکات.
سوپاسی هەموو ئەو پەرلەمان و حكوومه‌ت و ڕێکخراوانە دەکەم لە جیهان کە کارەساتی شه‌نگالیان وەک جینۆساید پەسەند کرد و به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت یارمه‌تیى ئێزدییان ده‌ده‌ن. دواهه‌مینیان حكوومه‌تى به‌ریتانیا بوو كه ڕۆژى یه‌كى ئه‌م مانگه كاره‌ساتى ئێزدییانى به جینۆساید ناساند، سوپاس و ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌ین، داوا دەکەین وڵاتانی دیکەش ئەو تاوانە گەورەیە وەک جینۆساید بناسێنن.
ئێمه له هه‌رێمى كوردستان، به ڕێز و پێزانینه‌وه له هه‌ڵوێست و هاوسۆزى و هاوكارى و پشتیوانیى ئه‌و وڵاتانه ده‌ڕوانین كه یارمه‌تیى كۆمه‌ڵگه‌ى ئێزدییان داوه.
ئامادەبووانی بەڕێز ..
ڕۆژی ٣ی ئاب فەرمانێکی دیکەی ڕەش بەسەر ئێزدییاندا هات و کارەساتێکی دیکە چووە مێژووی گەلی کوردستانەوە كه هیچ كه‌س باوه‌ڕى نه‌ده‌كرد له سه‌ده‌ى بیست و یه‌كه‌مدا تاوانكارییه‌كى ئاوا دڕه‌نده دژ به مرۆڤ ئه‌نجام بدرێت. کارەساتی ئەم جارە زۆر ناخهەژێن بوو، دڵی هەموو کەسێکی له هه‌موو پێكهاته‌كانى لە کوردستان ئازار دا، چونکە داعش بەوپەڕی دڕندەیی، ژن و منداڵی ئێزدییان ڕفاند و کڕین و فرۆشتنی پێ کرد، ده‌ستى له سه‌ربڕین و كوشتنى مرۆڤ و سووتاندن و ڕووخاندنى ماڵ و په‌رستگاكانى ئێزدییان نه‌پاراست. ئەو تاوانە، تاوانێكى بێهاوتاى سه‌رده‌م بوو.
لە ئەنجامی ئەو وەحشگەرییەی داعشدا، زیاتر لە (٥,٠٠٠) ئێزدی لەلایەن داعشەوە شەهید کران، له‌وانه (٤٠٠) کەس پێکەوە لە گوندی کۆجۆ کۆمەڵکوژ کران. تا ئێستا (٨٣) گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، هێشتا (١٣٥) هەزار ئاوارەی ئێزدی لە کەمپەکانن، لەژێر خێوەت و له دۆخێكى سه‌ختدا دەژین، (١٨٩) هەزاریش لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەتەوە دوای دەربەدەربوونیان لە دەڤەری شه‌نگال. (٢,٧٤٥) منداڵ بەهۆی هێرشی داعشەوە بێ دایک‌وباوک بوونە. ئه‌مه جگه له هه‌زاران ئێزدیى دیكه كه ئاواره‌ى ئه‌ورووپا و وڵاتان بوون و له خاك و وڵات و كه‌سوكاریان دابڕاون.
بەداخەوە تا ئێستا (١,٢٤٤) کچ و ژن و (١,٤٠٢) پیاو و گەنجی ڕفێندراوی ئێزدی بێسەروشوێنن.
تا ئێستا (١,٢٠0) ژن، (٣٣٩) پیاو، (2,٠23) منداڵ ڕزگار کراون. لێرەدا ده‌مه‌وێ دەستخۆشییەکی تایبەت لە بەرپرسى نووسینگه‌ى ڕزگاركردنى ڕفێندراوانى ئێزدى و یەک بە یەکی ئەندامانی تیمه‌كه‌یان بکەم. دووبارەی دەکەمەوە: تاکو یەک ڕفێندراوی ئێزدی مابێت، ئەو بەشە له نووسینگه‌ى ئێمه بەردەوام دەبێت لە دۆزینەوە و ڕزگارکردنی ڕفێندراوان.
ئامادەبووانی بەڕێز..
بارودۆخی ئێزدییان لە دەڤەری شه‌نگال زۆر خراپە، لەبەرئەوەش زۆر لەو خێزانانەی گەڕانەوە بۆ شه‌نگال جارێکی دیکە بە ناچاری شه‌نگالیان بەجێهێشتووە بەهۆی کەمیی خزمەتگوزارییەکان، نەبوونی ئاسایش و ئارامى و نەبوونی دەرفەتەکانی کار.
زۆر پێویستە حکوومەتی عێراقى فیدراڵ بایەخێکی تایبەت بە خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی شه‌نگال بدات كه زیاتر لە هەموو شوێنێکی دیکە زیانمەنده لە هێرشی داعش، چونکە لە شه‌نگال جگە لە خانووبەرە و جادە و بان، خێزان و کۆمەڵگه‌ش تێکدرا، ئەنفالێکی گەورەی خەڵکی شه‌نگال کرا. زامێكى قووڵ له گیان و ده‌روونى ئێزدییان و خه‌ڵكى شه‌نگالدا كرایه‌وه كه هه‌رگیز به ئاسانى ساڕ‌ێژ نابێت و یارمه‌تى و هاوكاریى هه‌موومانى پێویسته.
تاوانێک دژی خەڵکی ئێزدی كرا کە کاریگەریی کۆمەڵایەتی و دەروونی زۆر گەورەی دروست کردووە. بەهۆی ژیانی بێ خزمەتگوزاری و نۆ ساڵ ژیان لەژێر خێوەتدا، کاریگەریی ئەو جینۆسایدە زیاتر بووە. ئێمه له نزیكه‌وه ئاگادارى دۆخى ژیانى سه‌خت و قورسى ئه‌وانین له كه‌مپه‌كان. گۆڕینى ئه‌م دۆخه به‌رپرسیاریه‌تیى هه‌موومانه له عێراق و هه‌رێمى كوردستان.
جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شه‌نگال له‌نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ‌دا ڕێگە دەکاتەوە بۆ گەڕانەوەی خەڵکی شه‌نگال و ناوچه‌كه. بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێت بە ئاسوودەیی لە شه‌نگال و ده‌وروبه‌رى بژیت، دەبێت هەموو ئەو هێزانەی خەڵکی شه‌نگال نین ناوچەکە بەجێبێلن و بەڕێوەبردن و پاراستنی شه‌نگال بدرێتە دەست خەڵکی دەڤەری شه‌نگال و دەسەڵاتێکی یاسایی. دەبێ هێزەکانی سەر بە پەکەکە و هەموو ئەو هێزانەی لە دەرەوە هێنراون، ناوچەکە بەجێبێلن. ئه‌و هێزانه ته‌نیا به‌ڵا و نائارامى و ناسه‌قامگیرى بۆ شه‌نگال و ئێزدییان دروست كردووه و برینه‌كانیان قووڵتر كردووه‌ته‌وه.
بەڕێزان ..
ئێزدی خاوەن باوەڕێکی مرۆڤدۆستانه‌ى ئاشتیخوازانەن، هێرش ناکانە سەر هیچ کەس و میللەتێک، دەست ناخەنە ناو ئایینی هیچ کەسێکەوە، کەسیش قبووڵ ناکەن ئایینى خۆى بگۆڕیت و بچێته سه‌ر ئایینه‌كه‌یان، بۆ ئەوەی ئاشتییەکی بەردەوام بپارێزن. لەگەڵ هەموو دەوروبەرەکەیان زۆر ئارامن. قەولێکی جوانی ئێزدییان هەیە لەوبارەوە دەڵێت:
ل بۆڕێ حور، سوار بن
ب نەفساڕا گوهدار بن
لگەل هەموو مەخلووقا یار بن
ئێزدی و ئێزدییاتی باوەڕ و ئەدەبیات و زمانی لە کوردستان پاراستووە، بەهۆی ئەوەی زمانی خواپەرستیی ئێزدییان کوردییە. لەوانەیە کوردێکی نائێزدی ببینی لە شارێک، یان پارچەیەکی کوردستان، یان لە دەرەوە کە زمانی کوردی نەزانێت، بەڵام هیچ ئێزدییەکی ئاییندار لە هیچ شوێنێک نابینی کوردی نەزانێت.
لە هەموو شۆڕشەکانی کوردستاندا ئێزدی ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە، هەر لەبەرئەوەش باوک و باپیرانمان ئێمەیان لەسەر خۆشه‌ویستى و ڕێزگرتن له ئێزدییان ڕاهێناوە. هیچ کاتێکیش دوژمنانی کوردستان دەستیان لە ئێزدییان نەپاراستووە. لەکاتی پرۆسەی ئەنفالیشدا چەندین گوندی ئێزدی ئەنفال کران.
ئێزدی هەمیشە بەشێکی دیار و خۆشەویستی گەلی کوردستان بوونه و هەر بەو شێوەیەش دەمێننەوە. ئێزدى و هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان له هه‌ر ئایین و نه‌ته‌وه‌یه‌ك بن، له دێرزه‌مانه‌وه هه‌میشه ئاشتیانه پێكه‌وه ژیاون. ئه‌مڕۆ لێره‌وه خوشك و برایانى ئێزدى و هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه وڵاته‌كه‌مان كوردستان بۆ هه‌میشه به لانه‌ى پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌یى ده‌مێنێته‌وه و هه‌رگیز ڕێگه به وتارى ڕق و توندڕه‌وى ناده‌ین و له وڵاته‌كه‌مان جێگه‌ى نابێته‌وه.
ئامادەبووانی بەڕێز …
پەرێشانیی دۆخى ئێزدییان هه‌میشه بەشێکی گرنگى گفتوگۆمانه لەگەڵ لایەن و بەرپرسانی وڵاتانی جیهاندا. بە خۆشحاڵییەوە هاودەنگیی جیهان لەسەر جینۆسایدی ئێزدییان دروست بووە و لە فراوانبووندایە، بەڵام بەداخەوە هاودەنگییەکی ناوخۆیی لە عێراق لەسەر چارەسەرکردنی بارودۆخی دەڤەری شه‌نگال دروست نەبووە، ئەمەش کارێکی زۆر خراپە بەرامبەر خەڵکی دەڤەری شه‌نگال دەکرێت.
ئێستا کاتێکی گرنگە کە لێرەوە داوا لە پەرلەمان و حکوومەت و لایەنە سیاسییه‌كانى کوردستان و عێراق بەگشتی بکەم کۆبوونەوەی تایبەت بکەن بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ڕابردوو و چارەسەركردنى خێراى کردەیی بۆ بارودۆخی دەڤەری شه‌نگال.
لەبەرئەوە زۆر پێویستە پەرلەمان و هەموو فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی فیدراڵیى عێراقى لەسەر هەنگاونانی کردەیی بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شه‌نگال ڕابوەستن و کاری لەسەر بکەن.
جارێکی دیکە سەری ڕێز لەبەردەم گیانی پاکی قوربانییانی جینۆسایدی ئێزدییان دادەنەوێنین، سوپاس بۆ ڕێكخراوى یه‌زدا و سوپاس بۆ ئامادەبوون و بەشداربوونى هه‌مووتان.
بە خێر بێن..




