پارتی لە مووسڵ : ئامادەکاری تەواومان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کردووە

موسڵ_KDP.info_ یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای موسڵ زۆر باش خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە کردووە، ئەگەر هەڵبژاردنێکی پاک بەڕێوەبچێت پارتی زۆرینەی دەنگی مووسڵ بەدەست دێنێت.
یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ، مەحمود ئێزدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بەرنامەیەکی باشمان داناوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بەردەوام سەردانی خەڵک دەکەین و کار دەکەین بۆ ئەوەی ئاوارەکان خۆیان تۆمار بکەن و گواستنەوە بکەن، هاوکارییان دەکەین، ئەوەی گرفتێکی هەبێت بۆی چارە دەکەین و کارەکان زۆر باش بەڕێوە دەچن، بۆ ئەوەی بە لیستێکی جیا یاخود هاوپەیمانی کە مەکتەبی سیاسی و سەرۆک بارزانی بڕیاری لێ دەدەن، بەشداری هەڵبژاردن بین.
مەحمود ئێزدی گوتیشی: پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان زۆر باشە، هەمووان پێشوازییەکی زۆر باش لە پارتی دەکەن، ئێمەش هەمیشە لە خزمەت خەڵکی خۆمانین بە هەموو پێکهاتەکانەوە، بۆ کاندیدەکانیش هێشتا یەکلایی نەبۆتەوە، لەم مانگە یەکلایی دەکرێتەوە، بۆیە گفتوگۆ و کۆبوونەوەی بەردەوام دەکرێت تا بڕیاری لێ دەدرێت.
ئێزدی باسی لەوەش کرد: لەم هەڵبژاردنە دۆخی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر باشە و دەنگمان زیاد دەکات، چونکە لە هەڵبژاردنی ڕابردووش ئێمە زۆرینە بووین و لیستی یەکەم بووین، بەڵام غەدر لەپارتی کرا، بۆیە ئەمجارەش هەڵبژاردنێکی پاک ئەنجام بدرێت پارتی یەکەم دەمینێتەوە و خەڵک متمانەی بە پارتی هەیە.
بڵند ئیبراهیم




