خەسرۆ ئاژگەیی: بڕیاری بەریتانیا کاریگەری لەسەر کەیسی کوردانی ئێزدی دەبێت

حکوومەتی بەریتانیا دوێنێ سێشەممە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی بە فەرمیی ناساند و بەرپرسێکی کوردیش لە ئەوروپا پێی وایە بڕیاری بەریتانیا کاریگەری زۆری لەسەر کەیسی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دەبێت و دەشڵێت: بەریتانیا رۆڵی ھەبووە لە پاڵپشتیکردنی کوردانی ئێزدی.
خەسرۆ ئاژگەیی، کارگێڕی لقی ٦ی ئەوروپای پارتی بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: بڕیاری حکوومەتی بەریتانیا لەبارەی دانپێدانانی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی زۆر گرینگە، چونکە بۆ جاری یەکەمە لە مێژووی گەلی کورددا حکوومەتێک ددان بە جینۆسایدی بەشێکی سەرەکی گەلی کورددا بنێت، پێشتر بەشێک لە پەرلەمانەکانی جیھان ددانیان بە جینۆسایدی بارزانییەکان و فەیلییەکان و بادینان و جینۆسایدی ئێزدییەکان ناوە، بەڵام وەک حکوومەت ئەمە جاری یەکەمە حکوومەتێک ددان بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دەنێت، جێگەی شایەتییە ئەوەی لە شنگال ڕوویداوە بەریتانیا ڕۆڵی ھەبووە لەوەی دەستپێشخەری بکات بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش تا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەت لە ئەنجوومەنی ئاسایش پێکبێت، لە ساڵی ٢٠١٧ بڕیاری ژمارە ٢٣٧٩ لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەرچووە لەسەر دەستپێشخەری بەریتانیا دەرچووە بۆ لێکۆڵینەوە.
ئاژگەیی گوتیشی: بەریتانیا مەبەستی بووە ئەو بەڵگە و دیمکۆمێنتانە، ئەو کارەساتەی تیرۆرستانی داعش بەسەر کوردانی ئێزدی ھێنای نەفەوتێت و دواتر کاری لەسەر بکرێت، ھەروەھا دادگایەکی نێودەوڵەتی پێک بێت و ئەو دادگایە کار بۆ دادگایی کردنی بکەرانی ئەو کارەساتە بکات دژ بە کوردانی ئێزدی.
خەسرۆ ئاژگەیی ڕوونی کردەوە: بەریتانیا پێشەنگ بووە لە ھاوکاری کردنی کوردانی ئێزدی، بەردەوام ھاوکاری گەیاندووتە کوردانی ئێزدی، بڕیاری بەریتانیا بۆ ناساندنی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی ھانی وڵاتانی دیکەی جیھان دەدات ئەوانیش بڕیار لەبارەی جینۆسایدی کوردانی ئێزدییەوە بدەن، لەلایەکی دیکەوە دەبێتە گەرەنتی بۆ کوردانی ئێزدی، چونکە لۆرد ئەحمەد لە پەیامەکەیدا ئاشکرایکرد، دوای ئاسایی کردنەوەی ڕەوشی شنگال بەریتانیا پابەند دەبێت بە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی شنگال، پێویستە ڕێککەوتنی ئەمنی شنگال جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی وڵاتان بتوانن ھاوکاربن لە بنیاتنانی دەڤەری شنگال.
قائید میرۆ




