عەدالەت عومەر: ڕژێمی بەعس ٣١٥ منداڵی بارزانی زیندەبەچاڵکردووە
__2023_07_31_h19m26s4__HK.jpg)
چالاکوانێکی بواری جینۆساید ئاشکرایکرد، لەکاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی بەناو ئەنفالی بارزانییەکان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، ژمارەیەک منداڵ و ھەرزەکاریش جینوساید کراون و زیندە بەچاڵکراون.
عەدالەت عومەر، چالاکوانی بواری جینۆساید بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی جینۆسایدکردنی ھەشت هەزار بارزانی ڕژێمی بەعس دەستی لە ھیچ کەسێک نە پاراستووە، بە گوێرەی بەڵگەنامەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق، لە شاڵاوی بەناو ئەنفالی بارزانییەکاندا لە منداڵی ١٥ ساڵیەوە دەستی پێکردووە تا کەسانی بەتەمەن، تەنانەت کەسانێک لەنێو جینۆسایدکراوانی بارزانیدا ھەبوونە تەمەنیان گەیشتووتە ٩٠ ساڵیش.
ئەو چالاکوانەی جینۆساید گوتیشی: لەو ھەشت ھەزار ھاووڵاتییە بارزانییە لە ساڵی ١٩٨٣ بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون، ٣١٥یا منداڵ بوونە و ھاوشێوەی کەسانی ئاسایی زیندەبەچاڵ کراون، ئەمەیش پێچەوانەی ھەموو یاسا و بەھایەکی مرۆڤایەتییە، چونکە کەسانی تەمەن خوار ١٨ ساڵ بە منداڵ ھەژمار دەکرێن.
عەدالەت عومەر ڕوونیکردەوە: چەندین بەڵگە لەبەردەستن لەسەر جینۆسایدکردنی ھەشت ھەزار ھاووڵاتیی سڤیلی بارزانی و جینۆسایدکردنی منداڵ و ھەرزەکار، ئەمانە تەنیا تاوانیان کوردبوون بووە و بەبێ ھیچ دادگاییەکی عادیلانە و ھەبوونی بەڵگە بەشێوەیەکی دڕندانە شەھیدکراون، بەداخەوە ھێشتا حکوومەتی عێراق ھیچ بڕیارێکی پێشکەش بە پەرلەمانی عێراق نەکردووە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر کەیسی بارزانییەکان بدرێت.
قائید میرۆ




