٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمڕۆ یادی جینۆسایدی ھەشت ھەزار بارزانییە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ٤٠ ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی بارزانییەکان تێدەپەڕێت و کەسوکاری شەھیدانی جینۆسایدی بارزانییەکانیش ئاماژە بەو نەھامەتیانە دەکەن کە دوای جینۆسایدی ئازیزانیان لەلایەن رژێمی بەعس بەرەنگاری بوونەتەوە.

 

حەبیب مزووری، خاوەن سێ شەھید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "چل ساڵ بەر لە ئێستا رژێمی بەعس لە کۆمەڵگەی زۆرەملێی قوشتەپە رەشبگیری بارزانیەکانی دەستپێکرد و بەسەدان و بگرە ھەزاران ھاووڵاتی سڤیل تەنیا لە قوشتەپە بێسەرو شوێن کرد، لە شاڵاوی بەدناوی جینۆسایدی بازرانیەکان لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٣١ی٧ی١٩٨٣ باوک و دوو برام لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری خزمانی ئێمە بەر جینۆساید کەوتن و بە دڕەندەترین شێوە شەھیدکران".

 

حەبیب داوای لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد زیاتر خزمەتی کەسوکاری شەھیدانی جینۆسایدی بارزانییەکان و ھەموو شەھیدانی دیکە بکرێت، ھەروەھا ئاماژە بەوەش دەکات: "پێویستە فشار بخرێتە سەر بەغدا وەک میراتگری حکوومەتی پێشووی عێراق قەرەبووی کەسوکاری شەھیدان بکاتەوە، چونکە بەپێی یاسا ئەرکی حکوومەتی عێراقە و ھەموو جیھان شایەتی بۆ ئەو کارەساتە دژ بە مرۆڤایەتیەی رژێمی سەدام حوسێن دەدات بەرامبەر بارزانیەکان".

 

دڵشاد بارزانی، گەنجێکی دیکەی بارزانیە و، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئێمە نەوەی دوای جینۆسایدین چونکە من تەمەنێکی زۆر بچووکم ھەیە و بەڕێوەچوونی پرۆسەکە و دەستگیرکردنی باوکم لەو ڕۆژەدا نایەتەوە بیرم، بەڵام دوای ئەوەی کە گەورەبووین زانیمان رژێمی گۆڕ بەگۆڕی بەعس چ تاوانێکی بەرامبەر ئێمە کردووە و بەبێ ھیچ بەڵگە و دادگایەک باوکی من و ھەزاران منداڵی بارزانی بەبێ تاوان شەھید کردووە".

 

دڵشاد دەشڵێت: "تەنیا ئەوانەی باوکیان نییە یان لە پرۆسەی جینۆساید باوکیان لەدەستداوە ھەست بەو ناخۆشیە دەکەین کە دەردی بێ باوکی چۆنە و چیە، ئینجا دایکم جێگای باوکی بۆ گرتینەوە و بەبێ ھیچ مووچە و داھاتێک ئێمەی بەخێوکرد و گەیاندینە ئێرە، بەراستی ئەو ژنانە شێرە ژن بوونە وێڕای ئەو ئابلوقە زۆر و دژوارەی سەریان توانیویانە بەسەر بەرزی منداڵەکانیان بەخێو بکەن، چونکە پرۆسەی ئەنفال یان جیۆساید ھەر ئەوە نەبووە کەسوکاری ئێمە دەستگیر بکرێن و زیندە بەچاڵ بکرێن، ھەروەھا ڕۆژەکانی دوای پرۆسەکە پیاوانی رژێم کەوتنە سەر کوتکردنی خێزانەکانیان و تەنانەت ئاو و کارەبای لەسەر بڕین".

 

دوای لەناوچوونی رژێمی بەعس و بەپێی چەندین بەڵگەنامەی حکوومەتی پێشووی عێراق سەرانی رژێمی بەعس دانیان بەتاوانی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان نا، ڕۆژی ٣ی٥ی٢٠١١ دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کەیسی تاوانی رژێمی بەعس بەرامبەر بە بارزانییەکان بە جینۆساید ناساند.

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار