د. ئەفراسیاب مووسا: حکوومەت ١٠٠ کارمەند بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دھۆک دادەمەزرێنێت

لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ١٠٠ کارمەند بۆ تەندروستی دھۆک دادەمەزرێن، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای دھۆکیش دەڵێ: دامەزراندنی ئەو کارمەندانە کێشەی کەمی میلاک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئازادی چارەسەر دەکات.
د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دھۆک بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە ١٠٠ فەرمانبەر بە گرێبەست بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دھۆک دابمەزرێنێت، ئەو کارمەندانەی دادەمەزرێن بۆ نەخۆشخانەی ئازادی شاری دھۆک بەشی فریاکەوتن دەبن، چونکە پێویستی بە کارمەند ھەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو بەشەی نەخۆشخانەکە.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دھۆک گوتیشی: وەزارەتی تەندروستی لە رێگەی لینکێکەوە داواکاری ھاووڵاتییانی دھۆک وەردەگرێت بۆ دامەزراندن و چەند مەرجێک دیاری دەکرێن بۆ دامەزراندنی کارمەندان، بەتایبەتی ئەوانەی پێشتر فەرمانبەری خۆبەخش بوونە.
د. ئەفراسیاب مووسا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: دامەزراندنی ئەو سەت کارمەندە کاریگەری لەسەر کردنەوەی بەشی فریاکەوتن دەبێت، چونکە پێویستی بەکارمەند ھەیە بۆ بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکە، بەڵام بەدامەزراندنیان کێشەی نەبوونی کارمەند چارە دەکرێت و کاریگەری خۆی دەبێت لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی.
قائید میرۆ




