ڕێبوار بارزانی: حکوومەتی فیدڕال کەمتەر خەمە لە قەرەبووکردنەوەی بارزانییەکان
__2023_07_30_h14m43s10__ER.jpg)
چل ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی ھەشت هەزار بارزانی تێپەڕیوە، بەڕێوەبەری شەھید و ئەنفالکراوانی بارزانیش دەڵێ: لەسەرجەمی ھەشت ھەزار ڕووفات تا ئێستا تەنیا ٦٩٦ رووفاتی بارزانییەکان گەڕێندراونەتەوە کوردستان، حکوومەتی فیدڕال کەمتەرخەمە لە قەرەبووکردنەوەی بارزانییەکان.
ڕێبوار بارزانی، بەڕێوەبەری شەھیدان و ئەنفالکراوانی بارزان بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: بە بۆنەی تێپەڕبوونی ٤٠ ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی ھەشت ھەزار ھاووڵاتیی سڤیلی بارزانی ئەمساڵ ھیچ مەراسیمێکی فەرمیی لە بارزان بەڕێوە ناچێت، بەڵام ھاووڵاتییان بەشێوەیەکی سروشتی بەردەوام سەردانی گۆڕستانی ئازیزانیان دەکەن و پێشبینی دەکەین سبەی کەسوکاری شەھیدان سەردانی مەزاری ھەشت هەزار بارزانی بکەن، مینۆمێنتی شەھیدانی بارزان بووەتە ڕەمزی جینۆسایدکردنی ھەشت ھەزار بارزانی، بەبێ ھیچ کاتێکی دیاریکراو .. بەردەوام ھاووڵاتییان و بەرپرسانی ناوخۆ و بیانی سەردانی دەکەن.
بەڕێوەبەری شەھیدانی بارزان گوتیشی: لە پرۆسەی جینۆسایدکردنی بارزانییەکاندا ھەشت ھەزار ھاووڵاتیی سڤیلی بارزانی لەلایەن ڕژێمی ئەوکاتی عێراقەوە زیندەبەچاڵکراون و لەسەرجەمی ھەشت ھەزار ڕووفات تا ئێستا ٦٩٦ رووفات گەڕێندراونەتەوە کوردستان و لە بارزان بەخاک سپێردراون، بەداخەوە ھێشتا حەوت ھەزار و ٣٠٤ رووفاتی بارزانییەکان لە بیابانەکانی عێراق ماون، بە فەرمانی سەرۆک بارزانی گەڕان بەدوای رووفاتی جینۆسایدکراوانی ھەموو ناوچەکان بەردەوامە، ئەوانەی بارزانییەکانیش زۆربەیان لە یەک شوێنن، لە ناوچەی بۆسەیەی پارێزگای سەماوە، بەڵام پێویستی بەکات ھەیە و ناوچەکە لەڕووی ئەمنیەوە لەبار نییە.
لەبارەی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری بارزانییەکان ڕێبوار بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئەوەی لەتوانای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە پێشکەش کراوە، ھەر لە دروستکردنی خانوو و دابەشکردنی زەوی و دابینکردنی مووچەی مانگانە و خزمەتگوزارییەکانی وەک چارەسەری تەندروستی و کرێی خوێندن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی یاسایی و دەستووری حکوومەتی فیدڕاڵە کار بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری جینۆسایدکراوانی بارزانی بکات، بەداخەوە تا ئێستا عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکردووە.
لە بەرەبەیانی رۆژی ٣١/٧/١٩٨٣دا حکوومەتی بەعسی لەناوچوو پرۆسەی بەناو ئەنفالی بارزانییەکانی دەستپێکرد و لە ئەنجامی ڕەشبگیرییەکی دڕاندانەی دوور لە ھەموو بەھایەکی مرۆڤایەتی ، ئایینی و یاسایی لە کۆمەڵگەکانی قوشتەپە، بەحرکە، ھەریر و دیانا، ھەشت ھەزار ھاووڵاتیی سڤیلی بارزانی دەستگیرکرد و دواتر لە ناوچەکانی باشووری عێراق زیندەبەچاڵی کردن.
قائید میرۆ




