زیاتر لە 80 قوتابخانە دروست کراون و 1800 قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە

ھەولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی سیاسەتی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەرتی پەروەردە، هەزاران قوتابخانە کەوتوونەتە خزمەت قوتابییانەوە.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەی ژین لە گەڕەکی ژینی دارەتووی هەولێر د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەم قوتابخانەیە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست کراوە کە ئێستا تەنها لە پارێزگای هەولێر 17 قوتابخانە لە دروستکردندان.
گوتیشی: تەنها لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 80 قوتابخانە دروست کراون و 1800 قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە و 4500 هۆڵی تازە بۆ قوتابخانەکان دروست کراون. ئەوە سەرەڕای بڕیاردان بۆ تەرخانکردنی بودجە بۆ زیاتر لە هەزار قوتابخانەی تر تا ئەوانیش بکەونە خزمەت قوتابییان.
وەزیری پەروەردە ڕاشیگەیاند کە ئێستا تەنها لە قەزای کفری بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت 18 قوتابخانە نۆژەن دەکرێنەوە.




