باقی ساڵەیی: دانوستانەکانی پارتی بۆ دروستکردنی لیست بەردەوامە

بەرپرسێکی پارتی لە کەرکووک ئاشکرایکرد، ھەنگاوی باش نراون بۆ دروستکردنی لیست لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و لە ڕۆژانی داھاتووش دانوستانەکان بەردەوامییان دەبێت تا ئەوکاتەی لیستی خۆمان ڕادەگەیەنین.
باقی ساڵەیی، ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پارتی خەریکی ئامادەکارییە بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و دانوستانەکانی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی کەرکووک بەردەوامە، ڕۆژانی ڕابردوو شاندی پارتی لەگەڵ چەندین لایەنی سیاسی دانوستانی کردووە بەمەبەستی پێکھێنانی لیستی ھەڵبژاردن و دروستکردنی ھاوپەیمانی.
بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: پارتی ھەموو ھەوڵێک دەدات زۆرترین دەنگ لە ھەڵبژاردنی ئەمساڵی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەدەست بێنێ، ئاشکرایە پارتی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان یەکێکە لەو لایەنە بەھێزانەی پێگەیەکی بەرچاوی ھەیە لە پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی.
باقی سالەیی ئاماژەی کرد: ھەنگاوی باش نراون بۆ ڕاگەیاندنی ھاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و پارتیش وەک لایەنێکی سەرەکی تا ئێستا چەندین حزب و کەسانی سەربەخۆ ئامادەییان نیشانداوە بۆ ئەوەی لەگەڵ لیستەکەی بەشداری ھەڵبژاردنی کۆتایی ئەمساڵی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن لە کەرکووک.
قائید میرۆ




