٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان، واده‌یه‌كى نوێى هه‌ڵبژاردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان تاوتوێ ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

له‌ لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌رى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڕێز دلشاد شهاب وته‌بێژى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان ڕایگەیاند:

لەسەر فەرمانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و بەمەبەستی وەرگرتنی بیروڕا بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشه‌ممه ٢٠٢٣/٧/٢٦ شاندێکی باڵا لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، بەرنامەی زنجیرەیەک سەردانیان بۆ لای حزب و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەست پێکردووە کە تیایدا بیروڕای حزب و لایەنەکانیان بۆ دیاریكردنى وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەرگرتووە.

هه‌روه‌ها ئەوەیشی ڕوونکردەوە کە ھێز و لایەنە سیاسییەکان پێشوازییان لەو ھەنگاوەی بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کردووە و ئامادەییان بۆ پشتیوانیکردن لە ھەنگاوەکە و پاڵپشتیان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، نیشان داوە.

ھاوکات وتی لە دیدارەکانیاندا حزب و لایەنەکان ھەوڵەکانی بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیان لەپێناو یەکڕیزیی ناوخۆیی و یەکھەڵوێستی و یەکگوتاریی سیاسی لە ئاست پرسە چارەنووسسازەکاندا، بە گرنگ و خەمخۆرانە وەسف کردووە.

سەبارەت بە ئەنجامی کۆتاییی بەرنامەی سەردانەکانیش وتی:

سەردانی ھەموو حزب و لایەنەکان دەکەین و پاش کۆکردنەوەی بیروڕاکانیان، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى فه‌رمانى ھەرێمی بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەردەکات.

جێی باسە پاش ئەوەی بە بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاری درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ھەڵوەشێنرایەوە، به‌ڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەوڵەکانی بە ئاراستەی پڕکردنەوەی بۆشاییی یاسایی لە ھەرێمی کوردستان و ئامادەسازی بۆ سازدانی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان دەست پێکرد.

لەو چوارچێوەدا به‌ڕێزیان کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی لە عێراق بانگھێشت کرد تا بە زووترین کات ئامادەکاری بۆ سازدانی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان بکرێت و وادەیەک بۆ سازدانی ھەڵبژاردنەکە دەست نیشان بکەن.

ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانیش لە عێراق، ئامادەییان نیشان دا کە ئەوان لە ٢٠٢٤/٢/١٨ به‌سەرەوە، توانای سەروکاریکردنی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکەیان ھەیە و به‌رلەو وادەیە لە توانایاندا نییە سەروکاریی ئەو ھەڵبژاردنە بکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار