٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەبەز ڕەفعەت: لەبارەی چۆنیەتی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بڕیار دەدرێت

سەرچاوە: KDP.info

بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لیژنەی تایبەت و لایەنە پەیوەنددارەکان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران لە ھەوڵدان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و بڕیاری گونجاو دەدرێت لەبارەی دەستپێکردنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لەلایەن کەرتی تایبەتەوە.

نەبەز ڕەفعەت، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی ڕێژەیەکی زۆری گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لە سایلۆکان وەر نەگیرا لە چوارچێوەی پلانی ئەمساڵی عێراق، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا ھاوکاربێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و لیژنەیەکیش لە لایەنە پەیوەنددارەکان پێکھاتووە بە مەبەستی چارەکردنی کێشەی گەنمی وەرنەگیراوی جووتیاران.

ڕاوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: لیژنەکە لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و لایەنە پەیوەنددارەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی  دوو کۆمپانیای ناوخۆیی بەرھەمی گەنمی جووتیاران وەر بگرن.

نەبەز ڕەفعەت ڕوونی کردەوە: لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بەردەوام هەوڵ دەدەین بۆ چارەکردنی بابەتی بەرھەمی ئەمساڵ و دڵنیام بڕیارێک دەدرێت  لە بەرژەوەندی جووتیاران دابێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕێ و شوێنی پێویست دەگیرێتەبەر بۆ وەرگرتنی بەرھەمی جووتیاران، چونکە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت زۆر جەخت لەسەر پاڵپشتی جووتیاران دەکاتەوە و یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمیش پاڵپشتی و گرینگدانە بە کەرتی کشتوکاڵ.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار