سیروان تۆفیق: زیاتر لە سێ ھەزار و ٥٠٠ کەس لە کەرتی گەشتوگوزار دەرفەتی کاریان بۆ دابین دەکرێت

دەستەی گەشتوگوزار دەرفەتی کار بۆ زیاتر لە سێ ھەزار و ٥٠٠ دەرچووی خوێندن دابین دەکات، بەرپرسێکی دەستەکەش دەڵێ: یەکێک لە ئامانجەکانی ئێمە ڕەخساندنی ھەلی کارە بۆ ھاووڵاتییان.
سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشت و گوزار بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: زیاتر لە سێ ھەزار و ٥٠٠ کەس فۆڕمیان یەکلا کراوەتەوە .. ئەوانەی دەرچووی زانکۆن و ئارەزووی کارکردنیان ھەیە لە کەرتی گەشتوگوزار، بڕیارە مانگی داھاتوو چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجامبدرێت، ئەوانەی زمان دەزانن کێشەیان نابێت، بەڵام ئەوانەی کێشەی زمانیان ھەیە خولی فێربوونی زمانیان بۆ دەکرێتەوە.
بەرپرسەکەی دەستەی گەشتوگوزار گوتیشی: ئەو کەسانەی فۆڕمیان پەسەند دەکرێت دەکرێنە ڕێبەری گەشتیاری و لەگەڵ گروپی گەشتیاری و شوێنە گەشتیارییەکان کار دەکەن و لەکەرتی تایبەت دادەمەزرێن.
سیروان تۆفیق ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: بەر لە کۆتایی ساڵ ئەو کەسانەی ئاماژەم بۆ کرد دەستبەکار دەبن و دەرفەتی کاریان بۆ دابین دەکرێت، ئێمە بەردەوام کار بۆ ڕەخساندنی ھەلی کار دەکەین لە کەرتی گەشتوگوزار و یەکێک لە ئامانجەکانمان پەیداکردنی دەرفەتی کارە بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان.
قائید میرۆ




