٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

راگەیاندراوێک لە وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی مووچە بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامی وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

‎بە ناوی خودای گەورە

‎پرسی مووچەی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان گرنگترین بابەت و ئەولەوییەت بووە، لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەتا ئەو ڕۆژەی پشتمان بە داهاتی ناوخۆ و نەوت دەبەست بۆ دابینکردنی مووچە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەمتەرخەم نەبووە و هەموو مانگێک مووچەی تەواوەتی هاونیشتمانیانی دابین کردووە.

‎ئێستا کە داهاتی نەوت بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی عێراقی لەدەست هەرێمی کوردستان نەماوە، حکوومەتی عێراق بە بەرپرس دەزانێت، لە دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسای بودجە، لەم پرسەدا ئێمە هەموو ئەرکێکی سەرشانی خۆمان جێبەجێ کردووە و پابەندییەکی تەواوی یاساییمان بەجێ گەیاندووە و تا ئەمڕۆش بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدا بووە بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق هەرچی زووە مووچەی مووچەخۆران بنێرێت و لەمە زیاتر ئەم پرسە دوا نەکەوێت.

پەیامی ئێمە بۆ بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان و خەڵکانێک هەیە کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵە بە هیچ جۆرێک گوێیان بە پێگەی یاسایی و دەستووری هەرێمی کوردستان نەداوە و وەک هاونیشتمانییەکی خەمخۆری خەڵکی کوردستان ڕەفتاریان نەکردووە، لەمە زیاتر لە پێگەی هەرێمی کوردستان نەدەن و بۆ جارێکیشبێت بەرپرسیارانە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانیان بجووڵێنەوە و مامەڵە بکەن، ئەم پرسە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە هەیە و بابەتی موزایەدە و بانگەشەی هەڵبژاردن نییە و پێویستە نەکرێتە  ئامرازێک بۆ لێدان لە پێگەی یاسایی و دەستووریی هەرێمی کوردستان.

 

‎پێشەوا هەورامانی

‎وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار