ڕێگا سەرەکییەکانی دهۆک دەکرێنە دوو ساید

لەسنووری پارێزگای دھۆک کار بۆ بە دووسایدکردنی ڕێگا سەرەکییەکان دەکرێت، بەڕێوەبەری گشتی ڕێگاوبانی دھۆکیش دەڵێ: لە سەرتاسەری پارێزگای دھۆک زیاتر لە ٢٥٠ کم ڕێگا دەکرێنە دووساید.
ئەندازیار شێرزاد قادر، بەڕێوەبەری گشتی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی دھۆک بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: لە سنووری پارێزگای دھۆک ٥٥٠ کیلۆمەتر ڕێگای نێوان شاری دھۆک و قەزا و ناحیەکانی دھۆک ھەنە، تا ئێستا ٢٥٠ کم لەو ڕێگا سەرەکییانە کراونەتە دوو ساید و زیاتر لە (٢٥٠ کم)یش ماوە بکرێنە دووساید، بەپێی پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێوان ھەموو شار و شارۆچکەکان دەکرێتە دوو ساید و لە سنووری دھۆکیش پلانی دووسایدکردنی ڕێگاکان کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن.
بەڕێوەبەری گشتی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی دھۆک گوتیشی: ڕێگای (چڕە _ ڕۆڤیا) و (بەردەڕەش _ ڕۆڤیا) و (ئاکرێ _ قەندیل) و ڕێگای دێرەبوون، ھەموویان تەواوکراون، دیزاین بۆ ژمارەیەک ڕێگای نوێ کراوە، لەوانە .. ڕێگای (بەردەڕەش _ کەلەک) بە گوژمەی سەت ملیار دینار ئامادەکراوە و دیزاینی بۆ کراوە، لەئایندەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێت.
ئەندازیار شێرزاد قادر ئاماژەی کرد: ڕێگای (دھۆک _ ئامێدی) و ڕێگای (دەروازەی سەرزێڕێ)ش جێبەجێ دەکرێن، چەندین پڕۆژەی دیکەیش خراونەتە نێو پلانی حکوومەت بۆ ئەوەی کاری تێدا بکرێت، ھەموو ڕێگا سەرەکییەکان دەکرێنە دوو ساید و ئەوانەیش پێویستییان بە نوژەنکردنەوەیە نوژەن دەکرێنەوە.
قائید میرۆ




