دكتۆر به‌شیر حه‌داد: ئاراستەیەك لە عیراق دەبینرێت کە کار بۆ بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات

www.kdp.info.. له درێژه‌ی زنجیره وێبناره‌كانیدا، لقی 6ی ئه‌وروپای پارتی دیموكراتی كوردستان، وێبنارێكی بۆ دكتۆر به‌شیر حه‌داد جێگری پێشووی سەرۆکی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕێکخست له ژێر ناونیشانی (هه‌ولێر و به‌غدا، ڕێكکه‌وتن له ژێر چه‌تری ده‌ستوور).
دكتۆر به‌شیر حه‌داد ئاماژەی بەوەدا: ده‌ستوور ڕێكخه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانه و بنه‌ما و دایكی یاساكانه، ده‌بێ هه‌موو لایەك ڕێزی لێ‌بگرن، به‌ڵام به داخه‌وه له عێراقدا ده‌ستوور ڕێزی لێ نه‌گیراوه و ماددەکانی به جۆرێك ته‌فسیر دەکرێن لە دژی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بەکار بهێندرێن، ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ كەلتوورێكی سیاسی كۆن كه له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق سەریهەڵداوە ئەویش نكۆڵی كردن بووه له مافه‌كانی كورد.
گوتیشی: له به‌رامبه‌ردا خه‌باتی كورد بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی سته‌م و وەدەستهێنانی مافی چاره‌نووس تا ئێستا به‌رده‌وامە و چۆكی بۆ داگیركاری و خۆسه‌پاندن دانه‌داوه. له سەرەتای دروست بوونی ده‌وڵه‌تی عێراقەوە، هەر کاتێك به‌غدا لاواز بووبێ ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه بۆ داننان به مافه‌كانی كورد، بە پێچەوانەشەوە هه‌ر كاتێکیش ئەو وڵاتە تۆزێك کەوتبێتەوە سه‌رپێ، پشتی له به‌ڵێنه‌كانی كردووه و لە دژی مافە ڕه‌واکانی كورد له عێراقدا ئیشی کردووە.
دكتۆر به‌شیر حەداد بڕیاره ناده‌ستوورییه‌كانی دادگای فیدراڵی بە دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان ناوزەد کرد، هاوکات هه‌وڵه‌كانی ناو په‌رله‌مانی عێراق بە ده‌ستكاریكردنی بڕگەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بەمەبەستی له قالبدان و بچووككردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان وەسفکرد و گوتی: ئەوە ئاماژەی ڕوونی مەرام و نیازەکانیان بوو بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان.
سه‌باره‌ت به بنه‌مای پێكهاتنی حكوومه‌تی عێراق، دكتۆر به‌شیر گوتی: حكوومه‌تی سودانی به ژانێكی سه‌ختی عێراق له دایك بوو، چونکە دۆخی عێراق به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی نادیار ده‌ڕۆییشت، دواجار لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه و كورد و سونه ڕێکكه‌وتنی ئیدارەی دەوڵەتیان واژووکرد بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت و هه‌موو به‌لێنێكیان به كورددا له‌سه‌ر بەرجەستەکردنی مافه‌كانی، به‌ڵام له پرسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌دا بۆمان ده‌ركه‌وت ئه‌و لایه‌نانه و به تایبه‌ت په‌رله‌مانتاره‌كانیان ڕێكکه‌وتنی حكوومه‌تی فیدڕاڵییان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم قه‌بووڵ نییه و زۆر ناده‌ستووریانه له ڕێگای لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانه‌وه ده‌ستكاری پڕۆژه‌یاسای بودجه‌یان کرد، لە کاتێکدا حكوومه‌تی سودانی ڕاستگۆیانه له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێکكه‌وتنی هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدڕاڵی پڕۆژە یاساکەی داڕشتبوو.
جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق هه‌روه‌ها گوتی: له سیاسه‌تی عێراقدا ئاراسته‌یه‌ك هه‌یه بۆ نه‌هێشتنی قه‌واره‌ی هه‌رێم و ده‌یانه‌وێ ده‌وڵه‌تی عێراق له ده‌وڵه‌تێكی فیدڕاڵییه‌وه بگێڕنه‌وه بۆ ده‌وڵه‌تێكی ناوه‌ندی و خۆیان به شێوه‌ی مه‌ركه‌زی حوكمی هه‌موو عێراق بكه‌ن، گوتیشی: پێویسته كورد ڕووبه‌ڕووی ئەو مەترسییە ببێته‌وه، پێویستە کورد یەکگرتوو بن و ناوماڵی كورد یه‌ك بخرێتەوە بۆ پاراستنی قەوارەی هه‌رێمی كوردستان كه به‌رهه‌می سه‌د ساڵ خه‌باتی ئێمه‌یه و سه‌دان هه‌زار شه‌هیدمان له‌سه‌ر ئه‌م ئاو و خاكه‌مان داوه.
دكتۆر به‌شیر هه‌روه‌ها گوتی: مافی دادگای فیدڕاڵی نییە دام و دەزگاکانی هەرێم هەڵبوەشێنێتەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ بڕیاری دادگاکە بە نادەستوری درێژکردنەوەی ماوەی خولی پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی: سەڵاحیاتی خودی هەرێمە بە تەنها ئەو جۆرە بڕیارانە بدات نەوەك لایەنێکی دەرەوەی هەرێم، چونکە بە پێی دەستوور لە کاتی بوونی هەر جیاوازییەك، ئەوا کار بە یاساکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت نەوەك یاساکانی بەغدا. له‌مێژه هه‌وڵ هه‌یه بۆ هه‌مواری ده‌ستووری عێراق، سیاسه‌تیان ئه‌وه‌یه ئه‌و قوفڵانه بشكێنن كه له ده‌ستووری عێراق دراون بۆ پارێزگاری له سیسته‌می فیدرالی عێراق و زه‌مانەتی مانه‌وه‌ی سیسته‌می فیدرالی.




