"گەورەترین کارگەی سرنج لەسەر ئاستی ناوچەکە لە ھەولێر دەکرێتەوە"
__2023_07_23_h16m11s46__ER.jpg)
بڕیارە گەورەترین کارگەی بەرھەمھێنانی سرنج لەسەر ئاستی ناوچەکە لە شاری ھەولێر بکرێتەوە، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گشتی وەبەرھێنانیش دەڵێت: کارگەکە بەشێوەی ستانداردی جیھانی کار دەکات و کارمەندانی کارگەکەش سەداسەت دەستی کاری ناوخۆییە.
بەرگەشت ئاکرەیی، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی دەستەی وەبەرھێنان بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا گەورەترین کارگەی بەرھەمھێنانی سرنج لە شاری ھەولێر بکرێتەوە، ئەوە یەکەم جارە کارگەیەکی وەھا پێشکەوتووی بەرھەمھێنانی سرنج لەناوچەکە و عێراق و کوردستان دادەمەزرێت، پێداویستی بازاڕی عێراق و ھەرێمی کوردستان پڕ دەکاتەوە و سرنج بەستانداردی جیھانی بەرھەم دێنێت.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی وەبەرھێنان گوتیشی: بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا کارگەکە بەفەرمی بکرێتەوە، پێشبینی دەکرێت سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئامادەی ڕێوڕەسمی کردنەوەی کارگەکە بێت.
بەرگەشت ئاکرەیی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: کارمەندانی کارگەکە سەداسەت لە دەستی کاری ناوخۆن، کردنەوەی ئەو جۆرە کارگانە کاریگەری لەسەر ھەلی کاریش دەبێت، چونکە ئێستا ستراتیژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گۆڕاوە بۆ کاری پیشەسازی و کارگەکانی دیکە بە مەبەستی زیاتر ڕەخساندنی ھەلیکار و بەرھەمی ناوخۆ.
قائید میرۆ




