وەزیری دارایی: بڕیارە کۆبوونەوەیەکی دیکە لە بەغدا بکرێت

ھەولێر-KDP.info- وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، چەند مانگێکە نەوت ناڕوات و داهاتی ناوخۆش بەشی مووچە ناکات، بۆیە پێویستە لەمەودوا پرسیاری مووچە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق بكرێ.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "هەموو ئەو داخوازییانەی کە لەسەر هەرێمی کوردستان هەبووە بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کراوە و بڕیارە کۆبوونەوەیەکی دیکە لە بەغدا بکرێت و هیوادارین ئەنجامەکان بەدڵی هەمووان بێت.''
وهزیری دارایی گوتیشی: "ئەو داواکاری و داتا و شتانەی کە بەغدا لە ئێمەی داوا دەکات، پێم وا نیە لای خۆیان جێبەجێ کرابێت، لە ساڵی 2013-وە حکوومەتی عێراق ئابڵۆقەی خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان و ئومێدەوارین ئەو ئابڵۆقەیە هەڵبگرێت و بودجە جێبەجی بکرێت و شایستەی کوردستان بنێرن.''
لەبارەی دابەشکردنی مووچەوە، ئاوات شێخ جەناب گوتی: ''چەند مانگێکە نەوت ناڕوات و داهاتی ناوخۆش بەشی مووچە ناکات، بۆیە پێویستە لەمەودوا پرسیاری مووچە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق بكرێ.''




