سەفین دزەیی بۆ KDP ناوهڕۆكی سهردانهكهیان بۆ ئهمریكا دهخاتهڕوو

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کودستان گوتی، لەمیانەی سەردانێکی چەند رۆژیمان بۆ وڵاتی ئەمریکا چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگمان ئەنجامدا و تێیدا باس لە کۆمەڵێک پرسی گرنگ کرا و ئێمەش دید و بۆچوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانمان پێراگەیاندن و ئەوانیش پشتگیری و ھاوکاریکردنی ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگەیان دووپات کردەوە.
سەفین دزەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە چوارچێوەی سەردانمان بۆ وڵاتی ئەمریکا چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگمان ئەنجامدا لە کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، چونکە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمەریکا زۆر گرنگە و لەماوەی رابردووش پەیوەندی پتەومان ھەبووە و بەپێویستی دەزانین ناوە ناوە دیدار و سەردان ھەبێت و پێش چەند ساڵێکیش سەردانمان ھەبوو، لەسەرەتای کابینەی نۆیەم و دواتریش بەھۆی کۆرۆناوە ھەندێک دوورکەوتنەوە دروست بوو، بەڵام ئێستا پەیوەندیەکان ھەن، چونکە ئێمە دەمانەوێت دید و بۆچوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا و پەیوەندییەکانی ناوخۆی ھەرێم و پرسی ھەڵبژاردن و ئەمن و ئاسایش و نەوت و پەیوەندی دوو لایەنە لەگەڵ ئەمریکا بگەیەنین و دیدارەکانمان زۆر باش بوون، چونکە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و کۆشکی سپی و ھەندێک ناوەندی لێکۆڵینەوە و ھزری کۆبوونەوەمان ھەبوو".
سەفین دزەیی ڕوونیشیکردەوە: "لەھەموو دیدارەکان پەیوەندییەکانی ھەرێم و ئەمریکا بەرز دەنرخێندران و بە پەیوەندیەکی پتە و ستراتیژی پێناسەی دەکەن و دۆخی ئێستای ھەرێم و پێشتریش ئەمریکا رۆڵێکی کاریگەری ھەبووە و ھەمیشە ھاوکاریان کردووە و ئێمەش لەبەرامبەر ئەوەدا سوپاسیانمان کردوون، چونکە لەناوچەکەی ئێمە ئاڵانگاری زۆر ھەیە و بەردەوامیش لەگۆڕانکاریدان، بۆیە بەپێویستی دەزانین ئامادەکاری بکرێت و لەئاست پێویستدابن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریەکان، بۆیە دەمانەوێت پەیوەندیەکان بەردەوام بێت و ئەوان سەردانمان بکەن و ئێمەش سەردانی ئەوان بکەین".
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشیکردەوە: "ئەمریکا خوازیارە ئەو پڕۆژەی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستی پێکردووە بەسەرکەوتووی تەواوبێت، بەڵام ئەوانیش بارودۆخی ھەرێم لەبەرچاودەگرن، چونکە پێشتر ساڵانە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری ئەمەریکا نوێ دەکرایەوە ئێستا بۆتە سێ ساڵ، بۆیە وەکو ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی خوازیارن بەشێوەیەکی خێراتر ریفۆرمەکە ئەنجامبدرێت و لە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەش باسی لێوەکراوە، بۆیە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لەھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگە".
بڵند ئیبراھیم




