٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەحما خەلیل: لە ئایندەیەکی نزیکدا دوو نەخۆشخانە لە شنگال دروست دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی عێراق چەندین پڕۆژەی خزمەت گوزاری بۆ دەڤەری شنگال ڕادەگەیەنێ، لەوانە قیڕتاوکردنی (٣٥٠ کم)ی ڕێگاکانی شنگال، دەشڵێ: لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا پڕۆژەی دروستکردنی دوو نەخۆشخانە لەشنگال جێبەجێ دەکرێن.

مەحما خەلیل، سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی عێراق  بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: بەگوژمەی ٣٠٠ ملیار دینار نەخۆشخانەیەکی ١٠٠ تەختەیی لە سەنتەری قەزا شنگال و نەخۆشخانەیەکی ٥٠ تەختەیی لە ناحیەی سنونێ دروست دەکرێن، پارە بۆ پڕۆژەی ھەردوو نەخۆشخانەکە تەرخانکراوە، ئێستا لە قۆناغی دابینکردنی زەویداین بۆ دروستکردنی ھەردوو نەخۆشخانەکە و لە ئایندەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێن، دوای تەوابوونیان سوودی زۆری دەبێت بۆ خەڵکی شنگال و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری تەندروستی.

سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە گوتی: توانیومانە زیاتر لە ٣٥٠ کیلۆمەتر ڕێگا بۆ شنگال دروست بکەین،  ڕێگاکانیش بەشێکیان ستراتیژین و پێکدێن لە ڕێگای ناوخۆ، ڕێگای مەزارەکان و ڕێگاکانی ھەموو دەڤەرەکە،  بەشێک لەو ڕێگایانە تەواوبوونە و بەشێکی دیکەش تەواو دەکرێن.

مەحما خەلیل ڕوونی کردەوە: چەندین پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاریمان بۆ دەڤەری شنگال بەدەست ھێناون، ئەوەش بە کۆششی ئێمە بووە وەک سەرۆکی لیژنەی ئاوەداکردنەوە بە ھاوکاری و پاڵپشتی سەرکردایەتی پارتی و فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بەردەوامیش دەبین تا ژمارەیەک پڕۆژەی دیکە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەچنە بواری جێبەجێکردن.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار