"پارتی داواکاری خەڵکی مەخموور دەگەیەنێتە سەرۆکی حکوومەت"
__2023_07_22_h17m7s41__HK.jpg)
بەرپرسی لقی پارتی لە مەخموور ڕایگەیاند: داواکاری خەڵکی سنووری قەزای مەخموور لە چەند خاڵێکدا کۆکراوەتەوە و دراوەتە سەرۆکی حکوومەت، بەڕێزیشیان ڕەزامەندی سەرەتایی دەربڕیوە گوتوویەتی، لە ئایندەیەکی نزیکدا چەندین داواکاری خەڵکی مەخموور جێبەجێ دەکرێن بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتیانی سنوورەکە.
سەنگەر کانەبی گەورە، بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچوغی پارتی بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: پارتی بەردەوام لە ھەوڵدابووە بۆ گرنگیدان بە دەڤەری مەخموور، لە ڕابردووشدا جێدەستی پارتی لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەدا دیار و بەرچاو بووە، ئێمە داواکاری خەڵکی دەڤەری مەخموورمان لە ١٨ خاڵدا کۆکردووتەوە و پێشکەشی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانمان کردووە، بەشێوەیەکی سەرەتایی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندی لەسەر داواکاری ئێمە بۆ خەڵکی ناوچەکە نیشانداوە.
بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: ئەو خاڵانەی ئێمە دەمانەوێ کاری تێدا بکرێت ھەمووی پەیوەستن بە ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتییانی سنووری قەزای مەخموور .. لە چارەکردنی کێشەی نیشتەجێبوون بگرە تا دەگاتە پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ کە سەرچاوەی بژێوی ژیانی زۆربەی ھاووڵاتییانی ناوچەکەیە.
سەنگەر کانەبی گەورە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: پارتی بۆ بەرژەوەندی گشتی و باشترکردنی ژیانی خەڵک کار دەکات، ئێمە بەردەوام لە ناو جەماوەرداین بۆ گەیاندنی داواکاریەکانیان .. بەردەوامیش دەبین، بەتایبەتی لە سنووری قەزای مەخموور، خەڵکی ناوچەکە بەدرێژایی شۆڕشەکانی کورد رۆڵی بەرچاویان ھەبووە و پێویستییان بە خزمەتکردن ھەیە، ئێمەیش وەک پارتی بەڵێن بە خەڵکی سنووری خۆمان دەدەین درێغی نەکەین لە خزمەتکردنی خەڵک.
قائید میرۆ




