٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دژوار فایەق: دوو بڕیاری گرنگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزار دراون

سەرچاوە: KDP.info

نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی ماددەی ١٤٠ ئاشکرایکرد: ڕۆژانی ڕابردوو حکوومەتی عێراق ئامادەیی نیشانداوە بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسای ھەموارکردنی بڕیارەکانی بەناو ئەنجوومەنی شۆڕشی ھەڵوەشاوە پێشکەشی پەرلەمان بکات، گوتیشی: لیژنەیەک پێکھاتووە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە ١٩ ئەمەش دوو بڕیاری گرنگن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزار.

دژوار فایەق، نوێنەری ھەرێم لە لیژنەی باڵای مادەی ١٤٠ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ڕێککەوتنی سیاسی لەنێوان ھەرێم و بەغدا ھەیە، بەرنامەکە دراوەتە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵواسراوەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، رێککەوتنەکە خراوەتە بەرنامەی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، یەکێک لەکارەکان چارەسەرکردنی کێسەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقە، لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە .. ئەنجوومەنی بەناو سەرکردایەتی شۆڕشی ھەڵوەشاوە و ئەنجوومەنی بەناو کاروباری باکووری ھەڵوەشاوە ھەموار دەکرێنەوە.

نوێنەری ھەرێم لە لیژنەی مادەی ١٤٠ گوتیشی: ھەنگاوی یەکەم کاراکردنەوەی لیژنەی مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراقە لەژێر رۆشنایی ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا، چەند ھەنگاوێک نراون لەوانەش داوا لە حکوومەتی عێراق کرا ئەو پڕۆژە یاسایەی لە ١/٦/٢٠١٤ ئامادەکراوە بۆ ھەموارکردنی بڕیارەکانی بەناو سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەمی بەعس لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵییەوە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت، لە ڕۆژانی رابردوو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار دراوە پڕۆژەکە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.

دژوار فایەق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: نابێت ئێمە رۆڵی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لەبیر بکەین، لە سەردانەکانیدا بۆ بەغدا بەردەوام پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ کردووەتەوە، ھەروەسا سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لە ھەوڵدابووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق.

دژوار فایەق گوتی: بڕیاری ژمارە ٢٩ ی حکوومەتی فیدڕاڵ لە ساڵی ٢٠١٢ دەرچووە و چەند لیژنەیەکیش بۆ جێبەجێکردنی پێکھاتوون بە مەبەستی ھەموارکردنەوەی بڕیارەکانی، بەناوی لیژنەی کاروباری باکووری ھەڵوەشاوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی ئەو عەرەبانەی سوودمەندبوون لە زەویەکان پێشتر ناڕازیبوون لەو پارەیەی وەک قەرەبوو بۆیان دیار کرابوو، ئێستا لەسەر ڕاسپاردەی ئێمە لیژنەیەکی نوێ پێکھاتووە، ئەوە دوو بڕیاری گرنگن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزار لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار