ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی و وەزیری بەرگری فەرەنسا کۆدەبنەوە

ھەولێر-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا رایگەیاند، وەزیری بەرگری فەرەنسا لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆببێتەوە، ئەمەش سەردانێکی گرنگە و فەرەنسا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان باشتر بکات.
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، دکتۆر عەلی دۆڵەمەری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە ئەمڕۆ وەزیری بەرگری فەرەنسا سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە ئەنجامبدات، سەردانی وەزیری بەرگری سەردانێکی گرنگە، چونکە یەکەم جارە لە حکوومەتی ئێستای ماکرۆن بێتە عێراق و ھەرێمی کوردستان ئەوەش ئەوە دەردەخات ھەرێمی کوردستان گرنگی خۆی ھەیە و رۆڵێکی گەورەی ھەبووە لەشەڕی داعش".
دکتۆر عەلی دۆڵەمەری گوتیشی: "لەم سەردانەی خۆیدا وەزیری بەرگری فەرەنسا ھێزەکانی خۆیان بەسەر دەکاتەوە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژی داعش، چونکە داعش ھێشتا ماون لە عێراق، بۆیە پێویستیان بە ھێزی سوپای عێراق و پێشمەرگە ھەیە، بۆیە دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان باشتر بکەن".
دۆڵەمەری باسی لەوەشکرد: "بڕیارە وەزیری بەرگری فەرەنسا ھەر ئەمڕۆ لە ھەرێمی کوردستان دوای تەواوبوونی دیدار و بەسەرکردنەوەکانی کۆتایی بە سەردانەکەی بێنێت".
بڵند ئیبراھیم




