٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. زوبێر ڕەسوڵ ئەحمەد: سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئازەربایجان بەرھەمدار دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

مامۆستایەکی زانکۆ پێی وایە سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئازەربایجان بەرھەمدار دەبێت و دەڵێ: ھەرێمی کوردستان ڕۆڵی گرینگی دەبێت لە ھەناردەکردنی گاز و سووتەمەنی بۆ ئەوروپا، بەبێ ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی ھەناردەکردنی گاز بۆ ئەوروپا سەرناگرێت.

د. زوبێر ڕەسوڵ ئەحمەد، مامۆستای زانکۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: کورد دەوڵەتی نییە ھەتا بە ئارەزووی خۆی سەردانی وڵاتان بکات، بۆیە سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئازەربایجان دەرفەتێکی باشە بۆ پێگەی دیبلۆماسی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئەو سەردانە لە دوای کۆمەڵێک ڕووداو دێت، لەلایەکی دیکەوە ئازەربایجان لایەنێکی سەرەکییە بۆ دابینکردنی گاز بۆ ئەوروپا، بەتایبەتی دابینکردنی گازی سرۆشتی، ئێستا پلان ھەیە بەندەری فاو بە بەندەری جەیھانی تورکیا ببەسترێتەوە، ئەمە پڕۆژەیەکی زۆر گەورەیە و بە گوژمەی ١٧ ھەتا ٢٠ ملیار دۆلار جێبەجێ دەکرێت.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ گوتیشی: پێش ماوەیەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەرۆکی قەتەری بینیوە و دیداریان ھەبووە، ئەوروپا دەیەوێ لە ڕێگەی عێراق و قەتەر و چەند وڵاتێکی دیکە .. ئازەربایجانیش لەو وڵاتانەیە گاز بۆ  ئەوروپا بگوازنەوە، دەیانەوێ تا پێنج ساڵی دیکە ئەوروپا پێویستی بەگازی روسیا نەمێنێت.

د. زوبێر ڕەسوڵ ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: پڕۆژەیەکی گەورەی ھەناردەکردنی سووتەمەنی بۆ ئەوروپا ھەیە، ھەرێمی کوردستانیش ڕۆڵی دەبێت لەو پڕۆژەیە، لەوانەیە ھەندێک پێیانوابێت ئێستا مەلەفی نەوت لەدەستی ھەرێمی کوردستاندا نەماوە، بەڵام بەبێ ھەرێمی کوردستان ناتوانرێت گاز لە عێراقەوە ھەناردەی ئەوروپا بکرێت و بەبێ گەڕانەوە بۆ ھەرێم پڕۆژەکە سەرناگرێت، لەبەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت ئەو ناوچانە بپارێزێت، بەدیدی من سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئازەربایجان بەرھەمدار دەبێت.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار