٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.عومەر نورەدینی: سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ ئازەربایجان گرنگە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێرـKDP.infoـ بۆ یەکەم جار سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی ئازەربایجانەوە سەردانی باکۆی کرد، مامۆستایەکی زانکۆش دەڵێت: سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئازەربایجان سەردانێکی گرنگە، هەرێمی کوردستان لەسەر حسابی هیچ وڵاتێکی دی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتە جیرانەکانی نابەستێ.  ئەمەش لە کەسایەتی نێچیرڤان بارزانیدا لە ڕووی سیاسی، دیبلۆماسی و بوونی پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان مێژووێکی پڕشنگداری هەیە.

سەبارەت بە سەردانەکەی ئەمڕۆ ١٨ـی ٧ـی ٢٠٢٣، نێچیرڤان بارزانی، یەکەم جارە لەو ئاستە باڵایە بەرپرسێکی کورد دەچێتە ئازەربایجان و لەگەڵ سەرۆکی ئازەربایجان ئیلهام عەلیێڤ کۆدەبێتەوە.

ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئازەربایجان جگە لە گرنگیی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا، هەروەها کوردانی ئازەربایجانیش بە گرنگ سەیری دەکەن.

د.عومەر نورەدینی، مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە زانستە سیاسییەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سەبارەت بە دیداری لوتکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ سەرۆکی ئازەربایجان، چەند ڕاستییەک هەیە پێویستە بخرێنە ڕوو دووپاتە بکرێنەوە، یەکێک لەوانە .. لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە کاتێک بارزانی نەمر”مەلامستەفا بارزانی “ لە ڕێڕۆییشتنە مێژووییەکەی خۆیدا دوای پەڕینەوەی لە ڕووباری ئاراس ماوەیەک لە ئازەربایجان مایەوە، لەو ساڵەدا تا ئێستا .. تا ئەم دیدارە، ئەمە یەکەم دیدار و سەردانی باڵای کوردستانە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئازەر بایجان دەیکات.

هەڵبەتە پەیوەندییەکی دوور و درێژ لە نێوان گەلی کوردستان و گەلی ئازەردا هەیە، وێستگەی جۆراوجۆر هەن، ئەو مێژووە پڕ لەهەوراز و نشێوە، لەلایەکی ترەوە ئەگەر سەیری ئەم ڕووداوە دبلۆماسییە بکەین ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە پێشنیار، بانگهێشت، دەعوەتنامە و داواکار لەلایەن ئازەربایجانەوە بووە، سەرۆکی ئازەربایجان بانگهێشتی فەرمی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناردووە، کەواتە ئەوان لای خۆیانەوە لە ڕووی ڕاوێژکاری، هەڵسەنگاندن، دیراسە و شلۆڤەکردنەوە بەوە گەیشتوون بوونی پەیوەندی لەگەڵ عێڕاق و هەرێمی کوردستان گرنگە، کاراکتەرێکی گونجاویش بۆ بنیاتنانی ئەو پەیوەندییە و پەرەپێدانی، بریتییە لە کەسایەتی نێچیرڤان بارزانی لە ڕووی سیاسی و دیبلۆماسی و بوونی پەیوەندی هەرێمی کوردستان و عێڕاق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان مێژووێکی پڕشنگداری هەیە، کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە، هێزێکی نەرمی دبلۆماسی تایبەتی هەیە، دەتوانێت کاریگەری هەبێت و دەرئەنجام و لێکەوتەی باشی هەبێت، ئەمەش گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان.

بێشک لەم هەنگاوەشدا هەرێمی کوردستان دەیەوێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئازەربایجاندا بەردەوام بێت و بەهێز بکرێت، هەم لە ڕووی ئابووری هەم لە ڕووی بازرگانی و کلتورییەوە، واتا بوونی ئەم پەیوەندییە خزمەتی بەرژەوەندیی هاوبەشی عێڕاق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئازەربایجاندا دەکات."

"لەوەشدا بەتایبەتی کە دەبینین پێگەی جیۆپۆلەتیکی ئازەربایجان بەشێوەیەکە لەناوچەیەکی پڕ لەوەچەرخان و گۆڕانکاری و هەستیاردایە، دەوڵەتی جیاواز و ململانێی جیاوازی تێدایە، بەرژەوەندی جیاوازی تێدایە، بۆیە بێشک هەرێمی کوردستان ڕەچاوی هاوسەنگی لە پەیوەندییەکان دەکات، هەروەها ڕەچاوی بەردەوامی دراوسێیەتی باش لەگەڵ دەوڵەتانی جیران دەکات بێ ئەوەی بوونی ئەم پەیوەندییانە ئەو پەرە پێدانییە لەسەر حسابی هیچ لایەکی دی بێت، بەڵکو بەشێوەیەک ئەو پەیوەندییانە ئیدارە دەدرێن و وەگەڕ دەخرێن کە بکەوێتە خزمەت و بەرژەوەندی هاوبەشی هەموو لایەک لەڕووی سەقامگیری و ئاسایش و پەرەپێدانی ئابووری و کلتورییەوە.

د.عومەر، گوتیشی: لەبیرمان نەچێت ئەوەی کە ئاماژەم پێدا بوونی کورد لە ئازەربایجان لەو جیۆپۆلەتیکەدا ڕەگێکی قوڵی هەیە، لە سەدەی نۆیەمی زاینییەوە کورد لەو ناوچەیە هەیە، ئەمە وایکردووە پەیوەندییەکی مێژوویی لە نێوان گەلی ئازەربایجان و گەلی کوردستان و کورد لە ئازەربایجان هەبێت، ئەم پەیوەندییە هەبووە و بەردەوامبووە، وێستگەی جۆراوجۆر و هەوراز و نشێوی بەخۆیەوە بینیوە، ئێستا لە باکۆ ناوەندی کلتووری کوردی هەیە .. هەوڵی جۆراوجۆر هەیە بۆ پەرەپێدانی کلتووری و زمانی کوردی لەم وڵاتە لە چوارچێوەی ئەم سیستەمە سیاسییەی ئێستا لەوێ هەیە، لەسەر بنەماکانی دیموکراسی و کرانەوە لەوێشدا مافی کلتووری کورد هەیە، هەر لەم سەردانەشیدا زانیارییە بەردەستییەکان دەڵێن کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ناوەندی کلتووری کوردی کۆدەبێتەوە و گوێیان بۆ دەگرێت، بەدڵنیایی ئەوانیش باسی ئەجێندا و بەرنامەی خۆیان بۆ سەرۆکی هەرێم دەکەن، لەم بارەیەوە ڕەنگبێ پێیان وابێ کە بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی ناوەندی کلتووری کوردی لەوێ سەرۆکی هەرێم پشتیوانی ماددیی و مەعنەوییان بکات.

فایزە کۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار