ئەکبەر حەیدەر: حزبە کوردییەکان هاوڕان لە دیالە بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەن
__2023_07_18_h16m1s18__ER.jpg)
خانەقین_KDP.info_ بەرپرسی لقی پازدەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین گوتی: هەموو حزبە کوردیەکان لە سنووری پارێزگای دیالە هاوڕان کورد بەیەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکات، بۆ ئەو مەبەستەش چاوەڕێی سەرووی خۆمان دەکەین بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدرێت، چونکە دەنگی کورد لە دیالە کەمە، ئەگەر یەک لیست نەبێت دەنگەکان پەرتەوازە دەبن ، جەختیشی کردەوە ، دەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان لەم هەڵبژاردنە زیاد دەکات، چونکە جەماوەری پارتی لە سنووری دیالە جێگیرە و کار دەکەین بۆ ئەوەی دەنگمان زیاد بکات.
ئەکبەر حەیدەر ، بەرپرسی لقی پازدەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کۆبوونەوەیەک لە لە نێوان شەش حزبی کوردی لە خانەقین ئەنجامدرا لەبارەی بەشداریکردنی کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، هەموو حزبەکان هاوڕابوون کورد بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە دیالە بکات، بەڵام ماوە ئەو بڕیارە بگەرێننەوە بۆ سەرووی خۆیان، بۆ ئەوەی ئەگەر پەسەندکرا کورد بەیەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە دیالە بکات، چونکە سەرجەم حزبە سەرەکیەکان لەو کۆبوونەوەیە بەشداربوون و هاوڕابوون بەیەک لیست بەشداربن.
ئەکبەر حەیدەر گوتیشی: دەنگەکانی کورد لە دیالە دیاریکراوە، دەنگەکانی دیالە ملیۆنێک و 180هەزار دەنگە، لەوانە 80هەزار دەنگدەری کوردە، بۆیە پێویستە یەک لیست بین بۆئەوەی پارێزگاری لە دەنگی کورد بکەن، چونکە پێشتر لە کۆی 28 کورسی ئێمەی کورد سێ کورسیمان هەبوو، ئێستا بەپێی سیستەمی نوێی هەڵبژاردن ژمارەی کورسی بۆ 14کورسی کەمبۆتەوە، بۆیە پێویستە یەک لیست بین بۆ ئەوەی بتوانین کورسی بەدەست بێنین لەبەر ئەوەی قیمەتی کورسی زۆر بووە و پێویستە دەنگی زۆر بەدەست بێنین، بۆیە هەمووان هاوڕان بە لیستێک بەشداری بکەین.
حەیدەر ڕوونیشی کردەوە: جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری دیالە جێگیرە و بگرە لە زیادبوون دایە، ئێمە دەنگمان زیاد دەکات و کار دەکەین بۆ ئەوەی زیاتریش بێت، بەڵام گرنگە کورد لەو پارێزگایە بەیەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکات، بۆ ئەوەی قورسایی کورد دیار بێت و دەنگەکانیش پەرتەوازە نەبن.
بڵند ئیبراهیم




