"ژمارەیەک پڕۆژی ستراتیژی گەشتیاری لە زاخۆ جێبەجێ دەکرێن"
_(1)__2023_07_18_h16m0s24__ER.jpg)
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ژمارەیەک پڕۆژەی گەشتیاری جێبەجێ دەکرێن و بەڕێوەبەری گشتی گەشت و گوزاری زاخۆش دەڵێ: پڕۆژەی خابووری زاخۆ زۆربەی کارەکانی تەواوبووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا قۆناغی یەکەمی تەواو دەبێت.
چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گشتی گەشت و گوزاری زاخۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای دەرچوونی بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ، ژمارەیەک پڕۆژەی بەرچاوی گەشتیاری لە سنووری زاخۆ جێبەجێ دەکرێن، یەکێک لەو پڕۆژانەی ستراتیژین، پڕۆژەی خابووری زاخۆیە، زۆربەی کارەکانی کۆتایی ھاتووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا بەشی یەکەمی دەکرێتەوە، پڕۆژەکە جوانییەکی دیکەی داوە بە شاری زاخۆ و کاریگەری ھەیە لەسەر گەشەی گەشتیاری لە زاخۆ.
بەڕێوەبەری گشتی گەشت و گوزاری زاخۆ گوتیشی: ئەو مەترسیانەی پێشتر لەسەر ھەندێ ناوچەی گەشتیاری زاخۆ بوون نەماون، چونکە دوای ڕووداوەکەی گوندی پەرەخ لە ساڵی ڕابردوو بنکەی سەربازی لە نزیک ئەو شوێنانە جێگیر کراون بۆ پاراسنی خاکی کوردستان و گەشتیاران.
چیا ئەمین ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: چەندین پڕۆژەی دیکەی گەشتیاری بەڕێوەن، وەک نوژەنکردنەوەی ھۆتێلی پێنج ئەستێرە و بازاڕی تاری لە زاخۆ، ڕێژەی ھاتنی گەشتیارانیش بۆ سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زیادی کردووە، ئێمە پێشبنی دەکەین گەشتیاری زیاتریش ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەکانی زاخۆ بکەن.
قائید میرۆ




