تریفە عەزیز وەكو نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە ئەمەریكا دەستنیشان كرد

ھەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تریفە عەزیزی وەك نوێنەری نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا دەستنیشان كرد.
ئەمڕۆ سایتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تریفە عەزیزی وەك نوێنەری نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا دەستنیشان كرد.
تریفە عەزیز لەمدواییانەدا ڕاوێژكاری باڵای سەرۆكی حكوومەت بوو. پێشتریش بۆ زیاتر لە 25 ساڵ، لە ئەركی جۆراوجۆر لە ئەمەریكا لە كەرتی گشتی و تایبەتدا كاری كردووە. هەروەها لە ساڵانی نەوەتەكاندا نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان بووە لە واشنتن- DC.
بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری پێشووی حكوومەتی هەرێم، دوای هەشت ساڵی سەركەوتوو لە واشنتن دی سی، دەگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان و وەك ڕاوێژكاری باڵای سەرۆكی حكوومەت بۆ كاروباری دەرەوە و گۆڕانی كەشوهەوا لە نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت لە هەولێر دەستبەكار دەبێت. پێشتریش بۆ ماوەی 10 ساڵ نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە لە بەریتانیا. هەروەها ماوەیەكی زۆریش كاری ڕۆژنامەنووسی كردووە.
نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت، پیرۆزبایی لە هەردوو بەرپرسەكە دەكات و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازێت لە پێناو بەردەوامبوونیان لە خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان.




