ئاوارەکان دەتوانن خۆیان بگوازنەوە بۆ ئەو بنکانەی دەنگدان کە نزیکی هەولێر و دهۆکن
_(1)__2023_07_16_h17m58s45__HK.jpg)
موسڵ-KDP.info- بەرپرسی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ گوتی: بڕیار دراوە پێویستە ئاوارەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە شوێنی خۆیان دەنگ بدەن، ئەمەش هەندێک قورسە بۆ ئاوارەکان، بۆیە وەکو کارئاسانی داوا دەکەین ئاوارەکان بچن لە نزیکترین بنکەی تۆمارکردن لە سنووری موسڵ لە ناوچەکانی نزیک هەولێر و دهۆک ناویان تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی بێ گرفت دەنگی خۆیان بدەن.
مەناف حەسەن ، بەرپرسی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لەعێراق بە ملیۆن خەڵک ئاوارە بوونە، پەرلەمانی عێراق لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بڕیاری داوە ئاوارە نەمینێت و پێویستە هەر کەسە و لە شوێنی خۆی دەنگ بدات، نابێت لە ئاوارەیی دەنگ بدەن، ئەمەش بۆ خەڵک زەحمەتە کە هیچ شوێنێکی پێشتری بۆ نەماوە تا بۆی بچێت، کۆمسیۆن و پەرلەمان ئەوە دەزانن، بەڵام بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لە دەنگدان و بتوانن بە ئاسانی دەنگی خۆیان بدەن دەتوانن لەسنووری پارێزگای نەینەوا لە نزیک هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر دەنگی خۆیان بدەن، وەکو شێخان، خەبات و خازری، بۆیە ئێستا خەڵک دەتوانن بچن لەوێ ناوی خۆیان تۆمار بکەن .
مەناف حەسەن گوتیشی: خەڵک ئێستا بەردەوامن لەو کارە کە لەنۆی ئەم مانگە دەستی پێکردووە و تاوەکو حەوتی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت، ئەمەش ئاسانکارییەکی زۆر باشە بۆ ئەوەی خەڵکی ئاوارە لە دەنگدان بێبەش نەبن و بتوانن بەئاسانی و بێ ڕێگریکردن دەنگی خۆیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بدەن، چونکە بچنە ناو موسڵ گرفتیان بۆ دروست دەکەن.
حەسەن باسی لەوەشکرد: تەنها ئاوارەکانی شنگال بۆیان هەیە لە ناوکەمپ و دەرەوەی کەمپیش دەنگ بدەن، ئەگەر نا ئاوارەکانی دیکە پێویستە بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان دەنگ بدەن.
بڵند ئیبراهیم




