حوسێن سەبری: ئەوانەی مووچەیان لە دوو ملیۆن زیاترە بەشە خۆراکیان دەبڕین
__2023_07_16_h17m56s8__HK.jpg)
بەرپرسێکی بازرگانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ھەر کەسێک مووچەی لە دوو ملیۆن دینار زیاتر بێت بەشە خۆراکی مانگانەی دەبڕدرێت و دەڵێ، ئێستا ھەماھەنگیمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و کۆمەڵایەتی ھەیە و بە ئاسانی بۆمان دەردەکەوێت کێ مووچەی لە دوو ملیۆن دینار زیاترە.
حوسێن سەبری، نوێنەری وەزارەتی بازرگانی ھەرێم لە بەغدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بە بڕیاری وەزارەتی بازرگانی عێراق ھەر ھاووڵاتییەک مووچەکەی بگاتە سەرەوەی دوو ملیۆن دینار بەشە خۆراکی مانگانەی دەبڕدرێت، پێشتر ئەگەر هاووڵاتی مووچەکەی لەیەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار زیاتر بوایە بەشە خۆراکی دەبڕدرا، بەڵام ئێستا ئەوانەی مووچەیان لە دوو ملیۆن دینار زیاتربێ بەشە خۆراکی مانگانەیان دەبڕدرێت، تەنیا فۆڕمی خۆراکی بۆ دروست دەکرێت بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو مامەڵانەی پێویستییان بە فۆڕمی خۆراک ھەیە.
بەرپرسەکەی بازرگانی گوتیشی: ئەو بڕیارە لە ھەرێمی کوردستان کەوتووتە بواری جێبەجێکردن، تەنیا لە پارێزگای دھۆک بەشە خۆراکی زیاتر لە ٧٠٠ خێزان بڕدراوە کە مووچەیان لە دوو ملیۆن زیاترە، لە پارێزگاکانی دیکەیش لە ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە، بەڵام ئاماری دروستم لە بەردەست نیە.
حوسێن سەبری ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: پێشتر بڕینی بەشە خۆراکی ئەو کەسانەی مووچەیان لە سەرەوەی دوو ملیۆن دینارە کارێکی زەحمەت بوو، بەڵام ئێستا فۆڕمی خۆراک دەبێتە سیستەمی ئەلیکترۆنی و کارئاسانی زۆر کراوە بۆ زانینی مووچەی دوو ملیۆن دیناری، چونکە ھەماھەنگیمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و کاروباری کۆمەڵایەتی ھەیە، بە ئاسانی بۆمان دەردەکەوێت کێن ئەوانەی مووچەیان زیاترە لە دوو ملیۆن دینار.
قائید میرۆ




