" ھەندێ لایەنی کەرکووک دەیانەوێ لەگەڵ لیستی پارتی بەشداری ھەڵبژاردن بکەن"
__2023_07_16_h17m53s11__HK.jpg)
بەرپرسێکی پارتی لە کەرکووک کە ھاوکات بەرپرسی شاندی پارتییە بۆ دانوستان لە کەرکووک ئاشکرایکرد، ھەندێ لایەنی سیاسی دەیانەوێ لەگەڵ لیستی پارتی بەشداری ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا بکەن.
باقی ساڵەیی، ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە کەرکووک بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: پێشتر پارتی لەگەڵ ژمارەیەک لایەنی سیاسی لە کەرکووک کۆبوەتەوە، ھەندێ لایەنیش سەردانی پارتییان کردووە بە مەبەستی دروستکردنی لیستی ھەڵبژاردن، پێشنیاری پارتی بۆ دروستکردنی یەکلیستی ئەنجامی هەبووە، لایەنێکی سیاسی ڕەزامەندی نیشانداوە و بڕیارە سبەی "دووشەممە" لایەنێکی دیکەش سەردانی پارتی بکات، دوو لایەنی دیکەش پەیووەندییان کردووە و دەیانەوێ سەردانی پارتی بکەن.
بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: پارتی ھیچ مەرجێکی نییە بۆ یەکلیستی و دەیەوێ کورد زۆرترین دەنگ لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک بەدەست بێنێ، ھەر لایەنێکیش ئامادەیی تێدابێت ئەوە دەتوانێت لەگەڵ لیستی پارتی بەشداری ھەڵبژاردن بکات.
لەبارەی یەکلاکردنەوەی ناوی کاندیدەکانی پارتیش باقی ساڵەیی ڕوونی کردەووە: داوامان لە ھەردوو لقی ٣ی کەرکووک و ١٩ی چەمچەماڵ کردووە ناوی کاندیدانی سنووری خۆیان پێشکەش بە مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک بکەن، دواتر دەخرێتە بەر دەستی لیژنەیەکی تایبەت لە حزب بۆ بڕیاردان لەسەر ناوی کاندیدەکانی پارتی و پێشکەشکردنی بە کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان.
قائید میرۆ




