ھەرێمی کوردستان سکاڵا لەسەر ھەندێ ماددە و بڕگەی یاسای بودجەی عێراق تۆمار دەکات.

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق تۆمارکردنی سکاڵای لەسەر یاسای بودجەی پشتڕاست کردەوە و گوتی: ئەو ماددە و بڕگانەی سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە پێچەوانەی دەستووری عێراقن.
خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە فەرمیی لە دادگای فیدڕاڵی عێراق سکاڵای لەسەر ھەندێ ماددە و بڕگەی نێو یاسای بودجەی گشتی عێراق تۆمارکردووە و پێی وایە ئەو ماددە و بڕگانە پێچەوانەی دەستووری ھەمیشەیی عێراقن و پێویستە ھەموار بکرێنەوە.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: دیارە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێداچوونەوەی بە یاسای بودجەدا کردووە و پێی وایە ھەندێ خاڵی نێو یاساکە کە پەیوەستن بە ھەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستووری عێراقن و پەنای بردووتە بەر دادگای باڵای فیدڕاڵی.
خەلیل غازی گوتیشی: ھەرێم ئەو سکاڵایەی بەبێ پێداچوونەوەی کەسانی یاسایی و دەستووری تۆمار نەکردووە، ئەوەی دەمێنێتەوە بڕیاری دادگای فیدڕاڵییە، بزانین دادگا لەسەر تانەی ھەرێمی کوردستان چ بڕیارێک دەدات.
قائید میرۆ




