ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری كوردستان ده‌توانێت ژماره‌یه‌ك دادوه‌ر بۆ كۆمسیۆنی كوردستان دیاری بكات؟
_(9)__2023_07_13_h16m9s8__ER.jpg)
ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌دواداچوون بۆ پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات، به‌تایبه‌ت دوای ڕه‌وانه‌كردنی نووسراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، داوای لێكردوون سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستانیش بكه‌ن، به‌رپرسی به‌شی یاسایی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر كۆمسیۆنی عێراق نه‌یتوانی سەرپەرشتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان بكات ده‌رچه‌یه‌كی دیكه هه‌یه.
هاوار محه‌مه‌د، به‌رپرسی به‌شی یاسایی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌باره‌ی پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان و ئه‌و نووسراوه‌ی له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بۆ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئاراسته‌كراوه بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ڕوانگه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وه‌یه .. ناكرێت چیتر هه‌ڵبژاردنه‌كان دوابخرێن به تایبه‌ت ئیستا فه‌راغێكی ته‌شریعی له كوردستان هه‌یه و به‌هۆیه‌وه په‌رله‌مانی كوردستان كاره‌كانی وه‌ستاوه، بۆیه زه‌روره‌تێكی هه‌نوكه‌ییه ده‌بێت هه‌ڵبژاردن بكرێت.
سه‌باره‌ت به نووسراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش بۆ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، ئه‌مه ڕوانگه‌یه‌كی په‌رۆشییە بۆ كوردستانه، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان کە به‌رپرسیاره‌تی قانوونی له‌سه‌ر شانه گرتوویەتە بەر تا هه‌ڵبژاردن دوانه‌كه‌وێت و له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت".
ئه‌م قسانه‌ی به‌رپرسی به‌شی یاسایی له ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له كاتێكدایه سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێكى فه‌رمیدا ڕۆژی دووشه‌ممه 10-07-2023 به واژۆى سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان ئاراسته‌ى كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنەکانى عێراقی کردووە، داواى كردووه كۆمیسیۆن ئاماده‌یى نیشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، له كاتێكدا ئه‌م نووسراوه كراوه كوردستان ڕووبه‌ڕووی هه‌ندێك ئاسته‌نگی تایبه‌ت به دامه‌زاروه ته‌شریعیه‌كان بووه‌ته‌وه و به‌هۆی بڕیاری دادگای فیدرالییه‌وه په‌رله‌مانی كوردستان كاره‌كانی ته‌واو بووه، ئه‌مه‌ش گرفته له‌به‌رده‌م كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی كوردستان، چونكه لە 9ـی تشرینى یەکەمى 2022 پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد لەدواى ئەوەى تەمەنەکەى کۆتایی هات. لە 22ى ئایارى 2023 پەرلەمان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق، ئەو کاراکردنەوەیەش "نایاسایی"یە.
لایه‌نه سیاسیه‌كان ماوه‌ی دوو ساڵه ناكۆكن له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان تۆماری بایۆمەتریی بۆ دەنگدەران نەکردووە، تۆمارەکە لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە کێشەی لەسەر دروستكراوه، كاتی خۆی له كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی و لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر داتاكانی به‌غدا ڕێككه‌وتن، به‌ڵام دوا جار پرسی دیكه‌ش هاته ناو باسه‌كه‌وه، ئه‌ویش بابه‌تی یه‌ك بازنه و فره‌بازنه، پرسی كورسی پێكهاته‌كان و یاسا كۆنه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردن له كوردستان، تا ئیستاش ئه‌و پرسه یه‌كلانه‌كراوه‌ته‌وه ئایا ئه‌گه‌ر كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان بكات به یاسا كۆنه‌كه ده‌یكات یان چی ده‌كرێت؟
چونكه یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌سه‌ر یاسای كۆمسیۆن به‌تایبه‌ت كورسی پێكهاته‌كان له دادگای فیدرالی سکاڵای تۆمار كردووه، بۆیه ده‌بێت كۆمسیۆنی عێراق بڕیار بدات به چ یاسایه‌ك هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بەڕێوە دەبات، هاوار محه‌مه‌د درێژەی پێدا و گوتی: بڕیاره هه‌فته‌ی داهاتوو له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته كۆمسیۆنی عێراق كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بكات، وه‌ك گوته‌بێژی كۆمسیۆن باسی كرد، له‌وێ بڕیار ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق كه له 18ی10ی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه ده‌چێت ده‌توانن هه‌ڵبژاردنی كوردستانیش ئه‌نجام بده‌ن یان نا.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هاتوو كۆمسیۆنی عێراق نه‌یتوانی سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكات ده‌رچه‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌م پرسه چی ده‌بێت؟ به‌رپرسی به‌شی یاسایی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارتی گوتی: ده‌بێت سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و ڕاوێژكاره‌كان ئه‌و بابه‌ته له‌ڕووی قانوونییه‌وه چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام من وه‌ك خۆم پێم وایه ده‌كرێت ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری له كوردستان چه‌ند دادوه‌رێك دیار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژادنی كوردستان بكه‌ن و ئه‌وان هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه ببه‌ن.
له‌باره‌ی سكاڵاكانی یه‌كێتی له دادگای فیدرالی له یاسای هه‌ڵبژاردنی كوردستان و بابه‌تی كورسی پێكهاته‌كان کە نایانه‌وێت به‌یاسای كۆن بكرێت، هاوار محه‌مه‌د ئه‌وه‌ی خسته ڕوو: ئه‌گه‌ر دادگای فیدرالی بڕیار بدات ده‌بێت ئه‌و سكاڵایه ڕه‌ت بكاته‌وه، چونكه یاسای هه‌ڵبژاردنی كوردستان هیچ شتێكی تێدا نییه موخالفی ده‌ستووری عێراق بێت و تایبه‌تمه‌ندی دادگای فیدرالی ئه‌وه‌یه به‌دواداچوون بۆ ئه‌و كه‌یسانه بكات كه موخاله‌فه‌ی قانوونی‌یان هه‌یه.
رۆژی 12ـی تەممووزى 2023، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق به ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی ڕایگه‌یاند: ڕۆژى یەکشەممە، 16ـی تەممووز ئەنجوومەنى کۆمسیارانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ تاوتوێکردنى ئەو نووسراوەى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان ئاراستەى کردوون لەبارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کۆدەبێتەوە، ئیستاش هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان چاوه‌ڕوانی بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیارانی عێراقن چ بڕیارێک ده‌دات. هاوار محه‌مه‌د زیاتر ڕوونی دەکاتەوە و دەڵێت: ده‌بێت كۆمسیۆنی عێراق بڕیار بدات، له‌وێ تاوتوێی ئه‌وه ده‌كه‌ن، ده‌كرێت له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان بكرێت، به‌ڕای من پێیان ده‌كرێت و ده‌توانن بیکه‌ن، به‌ڵام كه ده‌ڵێن پێمان ناكرێت نازانم ئه‌و پاساوه چییه! چونكه له هه‌ڵبژاردنی 2014 له‌یه‌ك كاتدا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان پێكه‌وه كرا، بۆ ئه‌و كاته كۆمسیۆن پێیكرا هه‌ڵبژاردن بەڕێوە ببات، بۆچی ئێستا كه ئامێری پێشكه‌وتووی هه‌یه و توانای له جاران باشتره پێی ناكرێت؟!
ئایا هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت؟
جۆرێك له دوودڵی لای خه‌ڵكی كوردستان دروست بووه، ئایا هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت یان نا؟ چونكه نیه‌تی هه‌ندێك لایه‌ن وانیشان نادات ئاره‌زووی هه‌ڵبژاردنیان هەبێت، بۆیه ئه‌مه‌ش خه‌ڵكی كردووته‌وه دوو به‌شه‌وه، به‌شێكیان پێیان وایه كه ڕه‌نگه هه‌ر هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت، دڵشاد ره‌شید مه‌لا، ئه‌ندامی جڤاتی گشتی گۆڕان بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ئاخر بۆ ده‌بێت هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت؟ كوردستان له‌به‌رده‌م چاره‌نووسێكی نادیاردایه، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی نه‌ده‌ین .. ده‌بێت پاساو چی بێت کە نه‌كرێت؟ بۆیه چاوڕوانین بزانین ڕۆژی یه‌كشممه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو كۆمسیۆنی عێراق بڕیاری چی ده‌بێت له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه، ئه‌گه‌ر پاساویش ئه‌وه‌بێت ناكرێت به یاسا كۆنه‌كه‌ی كوردستان هه‌ڵبژاردن بكرێت ئیستا ئه‌م پرسه بڕاوه‌ته‌وه، چونكه ته‌عدیلی یاساكه ده‌بێت په‌رله‌مانی كوردستان بیكات .. په‌رله‌مان خۆی په‌كی كه‌وتووه له‌سه‌ر چ یاسایه‌ك ده‌بێت هه‌ڵبژاردن بكرێت؟ بێ گومان هه‌رده‌بێت له‌سه‌ر یاسا كۆنه‌كه بێت ئه‌ویش بریتییه له یه‌ك بازنه‌یی و مانه‌وه‌ی كورسی پێكهاته‌كان.
ڕایشی گه‌یاند: ناكرێت پاساو بۆ ڕێگری له هه‌ڵبژاردن بهێنرێته‌وه، هه‌ر هێزێكی سیاسی ده‌زانێت ده‌نگی كه‌م ده‌كات یان ده‌نگ ناهێنێت ئاسانه با به‌خۆیدا بچێته‌وه و به‌رنامه‌ی كاری خۆی چاك بكات، به‌ڵام ناكرێت بەربەست دروست بكرێت بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان.
هاوار محه‌مه‌د ئه‌وه‌شی خسته‌روو: زه‌روریه‌ته ده‌بێت هه‌ڵبژاردن له كوردستان بكرێت چونكه په‌رله‌مان په‌ك خراوه و له ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ش ده‌زگاكانی شه‌رعی كوردستان نیشانه‌ی پرسیاریان له‌سه‌ره و بیانوو نییه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژارن لەوە زیاتر دوابخرێت.
ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه ئه‌م ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیارانه و كۆمسیۆنی كوردستان سوودی نییه، چونكه دادگای فیدرالی بڕیاری ته‌واوكردنی كاره‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانی له‌و كاته‌وه داوه كه ماوه‌ی یاسایی په‌رله‌مان ته‌واو بووه، كاتێكیش كۆمسیۆنی كوردستان كارا كرایه‌وه له‌و ماوه‌یه‌دا بووه په‌رله‌مان ماوه‌كه‌ی خۆی درێژكردووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش وای كرد له‌گه‌ڵ ڕاگرتنی كاره‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان كۆمسیۆنی كوردستانیش دووچاری هه‌مان بابه‌ت ببێته‌وه، بۆیه ئیستا لایه‌نه‌كان چاوه‌ڕوانی كۆمسیۆنی عێراقن له‌و باره‌یەوه ده‌رچه‌یەك بدۆزێته‌وه.




