٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری تەندروستی: کار دەکەین بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە دەرمانی ساختە و نافەرمی پاک بکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر_KDP.info_ وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان  گوتی: لەکابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەنگاوی زۆر باش نراوە و چاکسازی باش لە بواری دەرماندا کراوە، ئێستا کار دەکەین بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی لە دەرمانی ساختە و نافەرمی پاک بکەینەوە.

دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەنگاوی زۆر گرنگ لە بواری تەندروستی نراون، لەوانە پرۆسەی چاکسازی لە بواری دەرمان کە بۆ یەکەم جارە لە هەموو عێراق ڕێگە بەدەرمانی هەرێمی کوردستان دراوە بەکاربهێندرێت، ئێمە هەماهەنگی باشمان لەگەڵ دەزگای نێودەوڵەتییەکاندا هەیە، وەکو دەزگای کۆنترۆڵێ جۆری خۆراک و دەرمان لە وڵاتی ئۆردن، سەرکەوتووترین دەزگایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ کۆنترۆڵکردنی دەرمان، تیمەکانی ئێمە لەو دەزگایە ڕاهێنان دەکەن.

دکتۆر سامان بەرزنجی گوتیشی: لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرمان کۆبووینەتەوە و پێیانمان ڕاگەیاندووە بڕیار و ڕێنمایی نوێمان هەنە پێویستە جێبەجێیان بکەن، کاردەکەین بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی لە دەرمانی ساختە و نافەرمی پاک بکەینەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دەرمانخانەکان کۆدەبینەوە، لە دهۆک دەستپێدەکەین دواتر هەولێر و سلێمانی و هەموو شوێنەکان دەگرێتەوە، بۆ ئەوەی دەرمانخانەکان نموونەیی و پاک بن لە دەرمانی ساختە و نافەرمی.
بەرزنجی باسی لەوەشکرد: ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی نرخی دەرمان نزیکەی 20% دابەزیوە، بۆیە هیوادارین هاوڵاتیان دەرمان بەو نرخانە بکڕن کە لەسەر ستیکەرەکان نوسراوە نەک بەو نرخەی دەفرۆشرێت.

وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە هاوکار و پاڵپشتی ئێمەی کردووە و مانگانە پارەی کاشی بۆ کڕینی دەرمان تەرخانکردووە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانیش دەرمان بدەن بە نەخۆشخانە و بەڕێوبەرایەتییە تەندورستییەکان، بودجەشی لە شەش ملیار دینار بۆ حەوت ملیار دینار زیادکراوە، مانگانەش پێنج ملیار دینار بە کاش لەو حەوت ملیارە دەداتە بەڕێوبەرایەتییە تەندروستییەکان، پێشتر لە سلێمانی کێشەی دەرمان هەبوو ئێستا ئەو کێشەیەش نامینێت.
دکتۆر سامان بەرزنجی ڕایشیگەیاند: لە هەرێمی کوردستان 13نەخۆشخانەی نوێ دروستکراون، 26 کارگەی ئۆکسجین دامەزراون، 46 قەرەوێلەی چاودێری چڕ زیادکراون، کارمان کردووە بۆ نەمانی ڕۆتین و دابەزاندنی دەسەڵاتەکان بۆ خوارووی خۆمان، بۆیە هەنگاوی زۆر باش لە کەرتی تەندروستی نراون.

گوتیشی: لە ڕێگەی تیمێکی ڕاوێژکاری لەگەڵ کۆمپانیاکان لەبارەی 230 جۆری دەرمان گرێبەستمان ئامادەکردووە دواتر لەبەردەم ڕاگەیاندنەکان واژوو دەکرێت، دەرمانەکان بۆ هەموو هەرێمی کوردستانە و نەخۆشخانەکان دەتوانن وەریان بگرن.

وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد: بەراوردی خەرجی و داهات لە چوار ساڵی ڕابردوو لە کەرتی تەندروستی 45 ملیار و 432 ملیۆن و 938 هەزار دینار خەرجی کەمی کردووە، بە ڕێژە دەکاتە 6%، لەو ماوەیە 28 ملیار و 893 ملیۆن و 400 هەزار دینار داهات زیادی کردووە، وپلان و بەرنامەشمان هەیە بۆ داهاتوو سیستەمی تەندروستی بکرێتە ئەلکترۆنی، لەگەڵ هێنانە کایەی بیمەی تەندروستی و ڕێکخستنەوەی کەرتی گشتی و تایبەت  و دامەزراندنی کۆگای نیشتیمانی دەرمان و پێویستی پزیشکی و دامەزراندنی کۆمپانیای نیشتیمانی بۆ دەرمان و پێویستی  پزیشکی و پەرەپێدانی چاودێری تەندروستی سەرەتایی و دەستپێکردنی پڕۆژەکانی (پی پی پی) و پەرەپێدانی تەندروستی فریاگوزاری و گەشەپێدانی پزیشکی.

لە هەرێمی کوردستان بە کەرتی حکوومی و ئەهلییەوە  135نەخۆشخانە، هەزار و47 بنکەی تەندروستی و 53 سەنتەر و 122کۆگای دەرمان هەیە و 11 هەزار و 147 قەرەوێلە هەیە.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار