"لە قەزای پیرمام ژمارەیەک پڕۆژە جێبەجێدەکرێن"

لە سنووری قەزای پیرمام ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری کەوتوونەتە بواری جێ بەجێکردن، قایمقامی قەزاکەش دەڵێ: پڕۆژەی دیکەش بەڕێوەن و دوای پەسەندکردنیان ئەوانیش دەچنە بواری جێبەجێکردن.
حامید کاکەیی، قایمقامی پیرمام بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: لە سنووری قەزای پیرمام ١٥ پڕۆژەی خزمەتگوزاری کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن و ھەندێکیان کارەکانیان تەواو بووە، ئەوانەی دیش ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردندان، پڕۆژەکانیش پێکدێن لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هەندێک گوندی سنووری قەزاکە، ڕێگاوبان و کارەبا، بە تەواوکردنیان ڕەوشی خزمەتگوزاری ناوچەکە بەرەوپێش دەچێت.
قایمقامی قەزای پیرمام گۆتیش: ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش لە پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندان بۆ ئەوەی بخرێنە بواری جێبەجێکردن، دوای پەسەندکردنیان ئەوانیش جێبەجێدەکرێن.
لەبارەی دەستبەکاربوونی ناحیەکانی سنوری پیرمام حامید کاکەیی گوتی: خەریکی ڕێوشوێنی یاسایی و کارگێڕین بۆ دەست بەکاربوونی ناحیەکانی قەزای پیرمام، سەرەتا ئەفسەری بنکەکانی پۆلیس دەکرێنە بەڕێوەبەری ناحیە، دواتر سێ بەڕێوەبەری ناحیە لەلایەن حکوومەتەوە بۆ ئەو سێ ناحیەیەی سنووری قەزای پیرمام دادەنرێن.
قائید میرۆ




